hemn husain
25 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 25 ئادار 2016
دوای ئەوەی دوێنێ ئۆپەراسیۆنی سەرەتایی كۆنترۆڵكردنەوەی شاری مووسڵ بە گوندەكانی كودیلە و كەرمردی لە قەزای مەخموور دەستی پێكرد و ئەمڕۆش بۆ دووەمین رۆژ شەڕ لە نێوان سوپای عێڕاق وچەكدارانی تیرۆریستی داعش بەردەوامە و لە ئێستاشدا سوپای عێراق لە بۆردومانكردن بەردەوامە و هێزەكانی پێشمەرگەش لە ئامادەباشیدان.
فەرماندەی پشتیوانی هێزەكانی سوپای عێراق ئاماژە بەوە دەكات لە دوای ئەوەی فەرمانییان پێكراوە و دەستیان بە بۆردومانكردن كردووە.
فەرماندەی پشتیوانی هێزەكانی سوپای عێراق لە فیرقەی ١٥ عەقید لەتیف هاشم لە لێدوانێكی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دوای ئەوەی فەرمانمان پێكرا، دەستمان بە بۆردومانكردن كردووە و تا ئێستا هێزەكانی سوپای عێراق لە پێشڕەوی دان".
لە بارەی ژمارەی سەربازەكان و جۆری چەك و تەقەمەنییەكانی فیرقەی ١٥ی سوپای عێراق، عەقید لەتیف هاشم گوتی: "ژمارەی سەربازانی فیرقەی ١٥ دیار نییە چەندە و لەگەڵ ئەوەشدا هەموو جۆرە چەك و تەقەمەنییەكمان هەیە و ئامادەی هەموو جۆرە شەڕێكین".
عەقید لەتیف هاشم ئاماژە بەوەش دەكات كە جگە لە سوپای عێراق هیچ هێزیكی دیكە بەشداری ئەو شەڕە ناكات و گوتی: "جگە لە هێزی فیرقەی ١٥ی سوپای عێراق، هیچ هێزێكی دیكە بەشداری ئەو شەڕە ناكات بەڵام هێزەكانی پێشمەرگە لە دواوەی ئێمە و لە هەمانكاتدا فڕۆكەكانی جەنگی سوپای عێراق پاڵپشتی ئێمە دەكەن و لە ئێستادا لە پێشڕەویداین".
جێگەی ئاماژەیە لە ماوەی رابردوودا سوپای عێراق، فیرقەی ١٥ی لە سنووری قەزای مەخموور جێگیر كرد بە مەبەستی بەشداری پێكردنییان لە ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی شاری مووسڵ و لە ئێستاشدا تیمی هێزی پشتیوانی فیرقەی ١٥ی سوپای عێراق لە گوندی دوگردكانی حاجی حوسێن كە نزیكەی ١٥ كیۆمەتر لە مەخموورەوە دوورە و دەكەوێتە نێوان مەخموور و گەیارە، بۆردومانەكانییان بۆسەر بنكە و بارەگاكانی گرووپی تیرۆریستی داعش دەست پێكردووە و تا ئێستاش ژمارەی شەهید و بریندارەكان رانەگەیەنراوە.