Hacer Başer
04 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 05 تشرینی یەکەم 2020
بەیروت- AA
یەکەم سکرتێری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان، شێخ سوبحی توفەیلی ستایشی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان دەکات.
شێخ سوبحی توفەیلی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردوەتەوە و تیایدا دەڵێت "بۆ دەرکردنی فەڕەنسییەکان لە لیبیا لایەنگری ئەردۆغان بووم. لە پرسی ئازەربایجان-یشدا لایەنگری ئەردۆغان-م. پیرۆزبایی ئەم رەفتارانەی لێدەکەم و پێویستە هەموومان بەو شێوەیەبین."
یەکەم سکرتێری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان، شێخ سوبحی توفەیلی باسی لەوەش کردووە کە ئەرمینیا خاکی ئازەربایجان-ی داگیر کردووە و تورکیا پشتیوانی لە ئازەربایجان دەکات تا خاکە داگیرکراوەکانی بەدەستبهێنێتەوە و رایگەیاندووە "ئەمڕۆ دەبیستین رووسیا لایەنگری دانوستان و ئێران ئامادەی نێوەندگیرییە. بەهەمان شێوە فەڕەنسا-ش دەڵێت لایەنگری دانوستانە. ئەمە زۆر شتێکی ناشرینە چونکە ئەرمینیا وڵاتێکی داگیرکارە".
شێخ سوبحی توفەیلی جەختیشی لە گرنگی ئازادکردنی خاکە داگیرکراوەکان کردەوە.
رۆژی ٢٧ی ئەیلوول، دوای ئەوەی هێزەکانی ئەرمینیا چەند ناوچەیەکی نیشتەجێبوونیان لە ئازەربایجان بۆردومان کرد، پێکدادان لەنێوان هەردوو وڵاتدا دەستیپێکرد. لە وەڵامی ئەم پەلامارانەشدا ئازەربایجان هێرشی پێچەوانەی ئەنجامدا و چەند ناوچەیەکی لە داگیرکاری ئەرمینیا رزگار کرد.