23 مای,س 2020•نوێکردنەوە: 23 مای,س 2020
جنێڤ - AA
بەڕێوەبەرى جێبەجێكارى رێكخراوی يونیسێف هێنريتا فۆر، هۆشداریى دایهوه لهوهی كە بەهۆى ڤايرۆسى كۆرۆنای نوێوە كوتانى ئاسايى لە ٦٨ وڵات راوەستاوە و بەو هۆيەشهوە نزيكەى ٨٠ مليۆن منداڵى خوار تەمەن يەك ساڵان لە مەترسيدان، راشیگهیاند: "لەوە دەترسين ڤايرۆسى كۆرۆنا بە خێرايى لە قەيرانێكى تەندروستييەوە بگۆڕێت بۆ قەيرانى مافى منداڵان".
هێنريتا فۆر لە كۆنگرەيەكى رۆژنامەوانيیدا لەگەڵ بەڕێوەبەرى گشتيى رێكخراوى تەندروستیى جيهانى دكتۆر تيدرۆس ئەدهانۆم گيبريسوس ژمارهیهك روونكردنهوهی دا.
فۆر ئاماژەى بەوەكرد، بەهۆى رێكارەكانى رێگرتن لە ڤايرۆسى كۆرۆنا لە سەرانسەرى جيهاندا، مليارێك و ٨٠٠ ملیۆن منداڵ لەو وڵاتانە دەژين كە پابەندن بە سياسەتى "لەماڵ بمێننەوە". جگە لەوەی خوێندنگەكان لە ١٥٣ وڵات داخراون و مليارێك و ٢٠٠ ملیۆن منداڵ (كۆى گشتیى لهسەدا ٧٠ى ئەو منداڵانەى كە دەخوێنن) له خوێندن دووركهوتوونهتهوه.
بەڕێوەبەرى جێبەجێكارى رێكخراوی يونیسێف ئاشكراشیكرد بەگوێرەى ئەو ئامارانەى كە زانكۆى جۆنز هۆپكينز، هەفتەى رابردوو بڵاويكردووەتەوە، له ئهگهری درێژهكێشانی پهتاكه و راوەستانى خزمەتگوزاریى تەندروستى، ئەوا رهنگه لە شەش مانگی داهاتوودا، لە هەر رۆژێكدا شەش هەزار منداڵ بمرن.
- "نابێت ئەو پێكوتانە لە بيربكەين كە ژيان رزگاردەكەن"
لاى خۆيەوە بەڕێوەبەرى گشتيى رێكخراوى تەندروستى جيهانى، تيدرۆس ئەدهانۆم گيبريسوس، ئاماژەى بەوە كرد بەهۆى پەتاى ڤايرۆسى كۆرۆناوە كوتانە ئاساييەكانى منداڵان كە بە گرنگترين خزمەتگوزارييەكان دادەنرێن، بهرهوڕووی راوەستان بوونهتهوه.
گيبريسوس ئاشكراشیكرد چەندين مليۆن منداڵ لە وڵاتە هەژار يان دەوڵەمەندەكان مەترسى تووشبوون بە نەخۆشى كوشندەى وەكو هەناسەتەنگى و سوورێژه و هەوركردنى سييەكانیان ههیه و گوتى: "لە كاتێكدا كە جيهان هەمووى پێكەوە كۆبوونەتەوە بۆ دۆزينەوەى پێكوتەيەكى متمانەپێكراو و كاريگەر بۆ ڤايرۆسى كۆرۆنا، نابێت دەيان پێكوتەى گرنگى ئامادەكراو كە دەبێت بەردەوامبێت و بگاتە هەموو منداڵێك لە بيربكەن".