Abdullah Shukur
28 ئەیلوول 2018•نوێکردنەوە: 05 تشرینی یەکەم 2018
واشنتۆن - AA
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە ئەنجوومەنی ھاریکاری کەنداو، تاوتوێی پێکھێنانی پێکھاتەیەکی سەربازیی لە ژێر ناوی "ھاوپەیمانی ستراتیژی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست" کرد.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ھێزەر ناوێرت بە نووسراوێک رایگەیاند کە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی بەحرێن، میسر، ئوردن، کوێت، عومان، قەتەر، سعوودیە و ئیمارات کۆبووەتەوە و تاوتوێی قۆناغی پێکھێنانی "ھاوپەیمانی ستراتیژی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست" کە بە "ناتۆی عەرەب-یش" ناودەبرێ تاوتوێ کردووە.
ناوێرت لە راگەیەنراوەکەدا گوتویەتی: "مایک پۆمپیۆ و وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی بەحرێن، میسر، ئوردن، کوێت، عومان، قەتەر، سعوودیە و ئیمارات کۆبوونەوەی ئەرێنیان ئەنجامداوە لەبارەی پێکھێنانی ھاوپەیمانی ستراتیژی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە بەشداری وڵاتانی ئەندام لە ئەنجوومەنی ھاریکاری کەنداو. وەزیر، پۆمپیۆ دەیەوێ لە چەند مانگ و ھەفتەیەکی داھاتوو درێژە بە کۆبوونەوەکانی بدات".
ناوێرت جەختیشی لە گرنگی لەناوبردنی داعش و گرووپە تیرۆریستییەکانی دیکە، دەستەبەرکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە یەمەن و سووریا، راگرتنی چالاکییە زیانبەخشەکانی ئێران لە ناوچەکەدا کردەوە و وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبیش ھاوڕابوون لەسەر بەرەنگاربوونەوەی ھەڕەشەکانی ئێران بۆ سەر ئەمریکا و ناوچەکە.
لەوەو پێش سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ پێشنیاری دروستکردنی پێکھاتەیەکی سەربازیی لە وڵاتانی عەرەبی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست خستبووەڕوو.