بەگوێرەی قسەی جێگری پارێزگاری ھەولێر، ئێستا لەسنووری ئەو پارێزگایە نزیکەی ٨٠ ھەزار ئاوارەی ناوچە کوردییەکانی سوریای تێدا نیشتەجێیە، بەشی زۆری ئەو ئاوارانە مانگی رابردوو لەدوای کردنەوەی خاڵی سنووری پێشخابوور پەڕیونەتەوە ھەرێمی کوردستان.
تاھیر عەبدوڵڵا، جێگری پارێزگاری ھەولێر ئەمڕۆ چوارشەممە بۆAA گوتی" بەڕاستی فشاری زۆرمان لەسەرە بەبۆنەی ھاتنی بەلێشاوی ئاوارە لەڕۆژئاوای کوردستانەوە، ئەگەر ھەر بەو جۆرە بەردەوامبێ ئەوا توانای وەرگرتنی ئاوارەی دیکەمان نییە، چونکە بۆ سنووری ھەولێر ژمارەیەکی لەڕادە بەدەرە".
پێشتر یاریدەدەری بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان (دیندار زێباری) رایگەیاندبوو بەگشتی ژمارەی پەنابەرانی سوریا لەھەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ٢٠٠ھەزار کەس و لەچەند کەمپێک لەپارێزگاکانی (دھۆک، ھەولێر، سلێمانی) نیشتەجێکراون.
جێگری پارێزگاری ھەولێر ھەروەھا گوتی " سەرباری ئەو فشارە زۆرەی لەسەرمانە، ئەگەر ئاوارەی دیکە بێنە ھەرێمی کوردستان و ھەولێر، ئەوا ناچارین جێیان بکەینەوە، بەڵام فشارەکان لەسەرمان زۆرن و رەنگە وەکو پێویست نەتوانین خزمەتگوزارییەکانیان بۆ دابین بکەین".