Dildar Baykan
04 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 04 ئەیلوول 2020
واشنتۆن- AA
سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ، لە میانەی بەشداری کردنی لە چالاکییەکدا لە ویلایەتی پەنسلڤانیا باسی لە هەڵبژاردنەکانی مانگی تشرینی دووەم کرد.
ترەمپ رەخنەشی لەو راپرسییانە گرت کە وا نیشاندەدەن کاندیدی پارتی دیموکرات، جۆ بایدن لە پێش ترەمپ-ەوەیە و رایگەیاند "ئەم راپرسیانە دەیانەوێت ئێوە تووشی خەمۆکی بکەن. ئایا ئێوە دوچاری خەمۆکی بوون؟ هیچ وا دەرناکەون کە خەمۆکیتان هەبێت".
سەرۆکی ئەمریکا رەخنەی توندیشی ئاڕاستەی جۆ بایدن کرد و گوتی: "بایدن بوکەڵەی سۆسیالیست، مارکسیست و ئەو توندڕەوانەیە کە رقیان لە پۆلیسە".
ترەمپ تانەی لەوەشدا کە بایدن بەردەوام دەمامک بەکاردەهێنێت و رایگەیاند "دەمامک، بەجۆرێک لە جۆرەکان هەستی دڵنیایی بە بایدن دەدات. ئەگەر من پزیشکی دەرونی بوومایە دەمگوت بایدن کێشەی دەرونی گەورەی هەیە".
سەرۆکی ئەمریکا لە بارەی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەشییەوە دوا کە ناوبەناو پێکداهەڵپژان و توندوتیژییان تێدەکەوێت و جارێکی دیکە خۆپیشاندەرانی بە "تیرۆريستی ناوخۆیی" ناوبرد و گوتی: "بایدن دەیەوێت سازش لەگەڵ تیرۆريستە ناوخۆییەکان بکات، منیش دەمەوێت ئەو تیرۆريستانە دادگایی بکەم".
دۆناڵد ترەمپ، کاردانەوەی توندیشی بەرامبەر ئەو تۆمەتانەی پارتی دیموکرات نیشاندا کە بە هاودەستی رووسیا تۆمەتباری دەکەن و گازەندەی ئەوەی کرد کە پارتی دیموکرات هەمیشە باسی رووسیا دەکات بەڵام هیچ لە بارەی چین نادوێت.
سەرۆکی ئەمریکا لە درێژەی گوتەکانیدا باسی لە هەوڵەکانی وڵاتەکەی بۆ دۆزینەوەی پێکوتی دژ بە کۆرۆنا کرد و ئەوەی ئاشکرا کرد کە سێ پێکوتی جیاواز لە کۆتا قۆناغی تاقیکردنەوەدان.
ترەمپ ئاماژەی بەوەدا کە ئەگەر هەیە پێش کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم پێکوتەکە دابەشبکرێت، جەختی لەوەش کردەوە کە ئەم کارە لە پێناو بانگەشەی هەڵبژاردن نابێت بەڵکو بۆ پاراستنی ژیانی مرۆڤەکان ئەنجام دەدرێت.