Kasım İleri,Muhammet Ali Kemal
11 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 11 شوبات 2017
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ هەریەک لە سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی، میری قەتەر، تەمیم بن حەمەد ئالسانی و میری کوێت، شێخ سەباح ئەحمەد جابر ئەلسەباح، ئەنجامدا.
لەروونکردنەوەیەکدا کە لەلایەن کۆشکی سپییەوە بڵاوکراوەتەوە، دۆناڵد ترەمپ لەپەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا لەگەڵ حەیدەر عەبادی، جەختی لە پشتیوانییکردنی گەلی عێراق لەبەرەنگاربوونەوەی داعش کردووەتەوە و بەبۆنەی ئەو سەرکەوتنانەی سوپای عێراق لەدژی رێکخراوەکە بەدەستیان هێناوە پیرۆزبایی لێ کردووە.
لەروونکردنەوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە ترەمپ بەڕێزەوە لەهەوڵەکانی عەبادی دەڕوانێت و سەرەخۆشیشی ئاراستەی ناوبراو کردووە بەهۆی کوژرانی سەربازانی سوپای عێراق لەبەرەنگاربوونەوەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعشدا، هەروەها هاتووە ''هەردوولا تاوتوێی ئەو هەڕەشانەیان کردووە کە ئێران لەتەواوی ناوچەکە دروستیکردووە و پابەندیی خۆیان بە رێککەوتننامەی ستراتیژیی هاریکاریی نێوان ئەمریکا و عێراق دووپاتکردووەتەوە''.
کۆشکی سپی لەروونکردنەوەکەیدا ئاماژەی بەوەشکردووە، ترەمپ لەپەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا لەگەڵ میری قەتەر، باسی لەگرنگیی هاریکاریی بواری بەرگریی لەنێوان ئەمریکا و قەتەردا کردووە.
هەروەها لەپەیوەندییەکەدا باسی دوایین پێشهاتەکانی سووریا کراوە و لەروونکردنەوەکەدا هاتووە ''هەردوولا هاوڕابوون لەسەر شکست پێهێنانی داعش و ئەنجامدانی زەمینەسازیی بۆ وەرچەرخانێکی سیاسیی سەرکەوتوو. سەرۆکی ئەمریکا و میری قەتەر، بەپێویستیان زانی هاریکارییەکانیان لە هەریەک لە بوارەکانی ئابووریی، وەبەرهێنان و بڕینی ئەو سەرچاوانەی هاوکاریی تیرۆر لەرووی داراییەوە دەکەن، بەردەوام بێت''.
هاوکات ترەمپ سوپاسی میری کوێتی کردووە بۆ میواندارییکردنی سەبازانی سوپای ئەمریکا لەسەر خاکی وڵاتەکەی.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر بەهێزکردنی هاریکارییەکان لەبەرەنگاربوونەوەی رێکخراوەی تیرۆریستیی داعش و لەروونکردنەوەکەی کۆشکی سپیدا هاتووە ''بیروڕا سەبارەت بە میکانیزمەکانی رێگرییکردن لەئەنجامدانی کردەوە خراپەکانی ئێران لە ناوچەکە، ئاڵوگۆڕ کرا''.