Aladdin Mustafaoğlu
06 تەمووز 2022•نوێکردنەوە: 06 تەمووز 2022
ئەنقەرە - AA
بە ئامادەبوونی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا، ماریۆ دراگی، تورکیا و ئیتاڵیا نۆ رێککەوتنیان واژۆ کرد.
رێوڕەسمی واژۆکردنی رێککەوتنەکان لە باڵەخانەی سەرۆکایەتی کۆمار لە ئەنقەرەی پایتەخت دوای کۆبوونەوەی لووتکەی نێوان حکوومەتەکانی هەردوو وڵات بە سەرۆکایەتی ئەردۆغان و دراگی، بەڕێوەچوو.
ئەو رێککەوتنانەی کە لەنێوان هەردوو وڵات واژۆکراوە، بریتی بوون لە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە نێوان سەرۆکایەتیی بەڕێوەبەرایەتی کارەسات و باری لەناکاو لە تورکیا (ئافاد) و بەشی پاراستنی مەدەنی ئیتاڵیا سەبارەت بە هەماهەنگیی لە بواری پاراستنی مەدەنیدا.
هەروەها یاداشتی لێکتێگەیشتن سەبارەت بە هەماهەنگیی لە بواری پەرەپێدانی بەردەوام لە نێوان سەرۆکایەتی ستراتیژی و بوودجەی تورکیا و وەزارەتی گۆڕانی ژینگەیی ئیتاڵیا واژۆ کرا.
هاوکات دامەزراوەی توێژینەوەی زانستی و تەکنەلۆژیای تورکیا "توبیتاک" و وەزارەتی دەرەوە و هەماهەنگی نێودەوڵەتیی ئیتاڵیا راگەیەندراوێکی هاوبەشیان لەبارەی نوێکردنەوەی بەرنامەی جێبەجێکردنی هەماهەنگی زانستیی و تەکنەلۆژیی بۆ ساڵانی ٢٠٢٣-٢٠٢٥ واژۆ کرد.
هەروەها هەردوو وڵات یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان لە نێوان وەزارەتەکانی پیشەسازیی و تەکنەلۆژیای تورکیا و گەشەپێدانی ئابووری ئیتاڵیا واژۆ کرد سەبارەت بە هەماهەنگیی لە بواری پڕۆژە مامناوەند و بچووک و زۆر بچووکەکان.
حکومەتەکانی هەردوو وڵات رێککەوتنێکیان سەبارەت بە پاراستنی ئاڵوگۆڕی زانیارییە نهێنییەکان لە بواری پیشەسازییەکانی بەرگرییدا واژۆ کرد، هەروەها رێککەوتنێکیان لەسەر ئاڵوگۆڕکردن و دانپێدانانی یەکتر بە مۆڵەتی شۆفێری واژۆ کرد.
هاوکات یاداشتێکی لێکتێگەیشتن سەبارەت بە راوێژکاری سیاسی و هەماهەنگیی لە بواری راهێنانی دیپڵۆماتکاران لە نێوان وەزارەتی دەرەوەی تورکیا و وەزارەتی دەرەوە و هەماهەنگی نێودەوڵەتیی ئیتاڵیا واژۆکرا.
هەروەها وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو و هاوتا ئیتاڵییەکەی لویگی دی مایۆ وژۆیان لەسەر گوتاری نیازی هاوکاری نێوان "کۆڕبەندی دیپڵۆماتی ئانتاڵیا" و کۆڕبەندی دیالۆگی رۆما، واژۆ کرد.