Dildar Baykan Atalay
06 تەمووز 2022•نوێکردنەوە: 06 تەمووز 2022
واشنتۆن – AA
گوتەبێژى کۆشکى سپى، کارین ژان پیێر رایگەیاند چەند مانگێکە گفتوگۆ لەسەر بابەتى فرۆشتنى فڕۆکەى جەنگیى ئێف-١٦ بە تورکیا دەکەن و سەرۆکى ئەمریکا، جۆ بایدن-یش پاڵپشتیى ئەم داواکارییە دەکات.
ژان پیێر، لە میانى کۆنگرەى رۆژنامەوانیى رۆژانەى خۆیدا، هەڵسەنگاندنى بۆ رەخنەى گرووپێک لە ئەندام کۆنگرێسى دیموکراتەکان کرد سەبارەت بە لێدوانە ئەرێنییەکانى جۆ بایدن لە دواى کۆبوونەوەى لەگەڵ سەرکۆمارى تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە مەدرید دەربارەى فرۆشتنى فرۆکەى جەنگیى جۆرى ئێف-١٦ بە تورکیا.
گوتەبێژى کۆشکى سپى، ئاماژەى بەوە کرد کە گوتووێژى فرۆشتنى ئێف-١٦ ماوەیەکە لە رۆژەڤدایە و گوتى: "لە بابەتى ئێف-١٦دا ئێمە زۆر روونین. چەند مانگێگە گفتوگۆ لەسەر ئەم بابەتە دەکەین. بایدن، بەڕاستى پاڵپشتیى ئەم داواکارییە دەکات. هیچ شتێکى نوێ لە دەرەوەى ئەمەدا نییە".
- لێدوانەکانى بایدن لەسەر فڕۆکەى ئێف -١٦
سەرۆکى ئەمریکا، جۆ بایدن کە لە پەراوێزى لووتکەى ناتۆ لە مەدرید لەگەڵ سەرکۆمارى تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆببوویەوە، لە ٣٠ حوزەیران لە میانى کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا ئاماژەى بەوە کرد کە پێویستە فڕۆکەى جەنگیى ئێف-١٦ بە تورکیا بفرۆشرێت و دەتوانێت رەزامەندى کۆنگرێسى ئەمریکا لەسەر ئەمە بەدەستبهێنێت.