Abdullah Shukur
07 مای,س 2018•نوێکردنەوە: 08 مای,س 2018
قودس - AA
ئیسرائیل بەھۆی گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ قودس لە ١٤ی ئەم مانگە، لە بەشێکی شەقام و کۆلانەکانی ئەو شارە تابلۆی ناونیشانی باڵیۆزخانەکەی جێگیر کرد.
بەپێی ئەو زانیاریانەی کە لە شایەتحاڵان وەرگیراون، ھێزەکانی ئیسرائیل لە دەوروپشتی گەڕەکی ئەرنونا ئەو شوێنەی کە بڕیارە باڵیۆزخانەی ئەمریکای بۆ بگوازرێتەوە، تابلۆی ناونیشانی باڵیۆزخانەکەی لە شەقام و کۆلانەکانی ئەو شوێنە جێگیر کردووە کە بە ھەر سێ زمانی عەرەبی، ئینگلیزی و عیبرانی لەسەری نووسراوە "باڵیۆزخانەی ئەمریکا".
سکرتێژی گشتی رێکخراوی رزگاریخوازی فەڵەستین، سائیب عورەیقات بانگھێشتی بەرپرسانی وڵات و دیپلۆماتکاران و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کرد کە بایکۆتی رێوڕەسمی گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ١٤ی ئەم مانگە بۆ قودس بکەن.
عورەیقات راشیگەیاند کە بەشداریکردن لەو رێوڕەسمە بەمانای بە رەواکردنی ئەو بڕیارە نایاسایە دێت.
چاوەڕێی ئەوە دەکرێ کە تا دروستکردنی بینایەی نوێی باڵیۆزخانەکە، بینایەی کونسڵخانەی ئەمریکا لە قودس بە شێوەیەکی کاتی وەک ناوەندی سەرەکی بەکاربھێنرێ.
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە ٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٧ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی کۆشکی سپی، قودسی وەک پایتەختی ئیسرائیل ناساند و فەرمانی گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکاشی لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس دەرکرد، ئەمەش رەخنەی بەشێکی لایەنەکانی بەدوای خۆیدا ھێنا.