بەرلین
گرووپەكانی كورد لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا خۆپیشاندانیان رێكخست و داوایان لە حكوومەتی ئەو وڵاتە كرد یارمەتی مرۆیی كۆبانێ بكات.
ئەو خۆپیشاندانە لەلایەن نوێنەرایەتی پەیەدە لە بەرلین لە ژێر ناونیشانی "كۆمەڵكوژی شنگاڵ و كۆبانێ راگرن" رێكخرا و تیایدا نزیكەی هەزار كەس بەرەو گۆڕەپانی ئۆرانی پلاتز بەڕێكەوتن.
لەكاتی تێپەڕبوونیان بەپێش رێستۆرانتە توركییەكاندا، چەند گرووپێك لە خۆپیشاندەران دروشمی لایەنگرییان بۆ پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) و دژ بە توركیا بەرزكردەوە، ئەوەش ناڕەزایی لێ كەوتەوە بەڵام پۆلیس رێگری لە سەرهەڵدانی توندوتیژی زیاتر لە نێوان لایەنەكاندا كرد.بەگەیشتنی خۆپیشاندەران بۆ مەیدانی ئۆرانی پلاتز و خوێندنەوەی راگەیاندنێك بەناوی نوێنەرایەتی پەیەدە لە بەرلین، داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حكوومەتی ئەڵمانیا كرا یارمەتی كۆبانێ بدەن.