عەممان
سەردانە یەك رۆژییەكەی سەرۆكوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی بۆ ئوردن كۆتایی پێهات.
حەیدەر عەبادی لەو سەردانەدا لەگەڵ هەركام لە شا عەبدوڵای دووەم و سەرۆك وەزیران عەبدوڵا نسور كۆبۆوە و كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشیان لە فڕۆكەخانەی ماركای سەربازی كە دەكەوێتە رۆژهەڵاتی شاری عەممانی پایتەخت سازكرد.
لەسەرەتای كۆنگرە رۆژنامەوانییەكە سەرۆكوەزیرانی ئوردن عەبدوڵا نسوور قسەی كرد و گوتی: " ئوردن و عێراق پەیوەندییەكی بەهێز پیكەوە دەیانبەستێتەوە و خاوەنی بەرژەوەندی هاوبەشن." نسوور جەختی لەسەر رێزگرتنی وڵاتەكەی لە ئیرادەی گەلی عێراق كردەوە و گوتی: " هەر چارەنووسێك گەلی عێراق بڕیاری لەسەر بدات ئەوە ئوردن رێزی لێدەگرێت."سەرۆكوەزیرانی ئوردن زۆر راشكاوانە گوتی: " پەیوەندی ئوردن لەگەڵ عێراق پەیوەندییەكی راستگۆ و دۆستانەیە و بە هیچ شێوەیەك ئێمە دەست لەناوكاروباری عێراق وەرنادەین."
عەبدوڵا نسوور راشیگەیاند، وڵاتەكەی دەوێت لەسەرجەم بوار و ئاستەكاندا بە تایبەتیش لە بواری لەناوبردنی تیرۆر هاوكاریی عێراق بكات. لای خۆشیەوە سەرۆكوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی ستایشی شا و حكومەت و گەلی ئوردنی كرد لەو پێشوازییەی كە لێی كرا و گوتی: " سەردانەكەم بۆ ئوردن بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەر دوو وڵاتە."
عەبادی گوتی: " ئێمە رووبەڕووی تەحدییەكی ئەمنی تیرۆر لە ناوچەكە بووینەتەوە و بەشێكی زۆری قسە و باسەكانیشمان لەسەر ئەو پرسە بووە."
سەرۆكوەزیرانی عێراق باسی لەو پرسانەش كرد كە لەگەڵ شا عەبدوڵای دووەم و عەبدوڵا نسوور هەڵوەستەیان لەسەركردووە كە پرسی هێرش و مەترسییەكانی چەكدارانی داعشبووە. حەیدەر عەبادی جەختی لەوەشكردەوە، تەنها عێراقییەكان بەرپرسن لە دەركردنی چەكدارانی داعش لە ناو خاكی عێراق، كە ئەم قسەیەی عەبادی ئاماژەیە بۆ وڵاتانێك كە بیانەوێ دەست لە ناو كاروباری ناوخۆیی عێراق وەربدەن.