ئیستەنبوڵ
ناوەندی ھونەرو کەلتووری کاپیکرێد لە نەرویج ، ساڵانە خەڵاتی شاعیری نەتەوەیی نەرویج (بژۆرنسۆن) دەبەخشێتە ئەدیب و نووسەرانی ھەڵبژێراوی خۆیان.
لەکاتی رێورەسمی بەخشینی خەڵاتەکە بە یەشار کەمال، کنۆت ئۆداگارد سەرۆکی ناوەندی ھونەرو کەلتووری کاپیکرێد بەمشێوەیە وەسفی شایستەیی یەشار کەمالی کرد: "ھونەری ئێوە نەریتێکی پێشکەوتووخوازانەو ھاوچەرخانەی ھەڵگرتووە. ئێوە نموونەی پاڵپشتین ھەمیشە پشتگیریی کەسانی ژێردەستە بوون."
یەشار کەمال، لەڕێورەسمەکەدا قسەیکردو گوتی: "پێویستە ئەوە بزانین، ھەموو جەنگێک فەرمانە بۆ مردن. ھەڵگیرسێنەرو بەشداربوو و ئەوانەیشی کە لە دەرەوەی مەیدانەکە سەیری دەکەن، لەژێر کاریگەریی خراپی جەنگەکەدان. ھونەر سترانێکە، مرۆڤەکان بە جیھانێکی پڕ لە خۆشییەوە بەند دەکا. ھونەری راستەقینە بکوژی جەنگە بێ ماناکان و ستەم و توندوتیژیی و درۆکانە. ھونەر ھەمیشە لە سەنگەری پێشەوە بووە دژ بە جەنگ و وێرانکاریی، یەکەم قۆناغی ھونەر سەرھەڵبڕین و بینینی دەوروبەرە، دەزانین ئەو دژوەستانە شتێکی ئاسان نییە."
یەشار کەمال لەسەر مژارە زیاتر رۆیشت و گوتی: "ھونەر بەخشندەیە بەرامبەر شتەکان، بەڵام کاتێ جەنگ و وێرانکاریی رووی تێدەکەن بەخشندە نین بەرامبەر ھونەر. ھیچ کاولکارییەک نییە ھونەر لێی بێ بەشبووبێ. بەرەنگاربوونەوەی ھونەر تەندروستتر و کاریگەرترە لە بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوی مەدەنی. بەردەوام دەبم لەسەر ئەم رێچکەیەم کە مرۆڤەکان ناچار بە یەک بۆن و یەک رەنگ و یەک زمان ناکا. چونکە ھیچ کەسێ توانای سڕینەوەی ناسنامەی مرۆڤایەتیی نییە."
ڕۆماننووسی کورد یەشار کەمال، ناوی راستەقینەی کەمال سادقە، ساڵی ١٩٢٣ لە شاری ئەدەنە لەدایکبووە، ئەو بە یەکێ لە پێشەوا و ڕابەرانی ھاوچەرخی تورکیا دادەنرێ. یەشار کاندید کراوە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ لە بواری ئەدەب.
بەرھەمەکان:
دەستماڵی سپی
حەمەدۆک
زەویی ئاسن
ئاسمانی زیو
ئەفسانەی چیای ئاگر
ئەفسانەی گلگامێش
سێ ئەفسانەی ناو ئەنادۆڵ
بەرھەمە نووسراوەکانی یەشار کەمال بۆ ٣٩زمان وەرگێردراون، تا ئێستا ٣٨ خەڵاتی جۆراوجۆری لە ناوەوەو دەرەوەی تورکیا پێ بەخشراوە. ھەروەھا کاندیدە بۆ خەڵاتی نۆبڵ لە بواری ئەدەب.
ئێستا تەمەن ٩٠ ساڵانەو باوکی منداڵێکە، لەشاری ئیستەنبوڵ دەژی.