جەزائیر
گروپێك كە ناوی "سەربازانی خەڵیفە"یان لەخۆیان ناوە و رایدەگەیەنن پەیوەندیان بە ڕێكخراوی تیرۆریستی داعشەوە هەیە، بەرپرسیارێتی رفاندنی هێرڤ بیر گۆردڵ ئەو هاوڵاتییە فەڕەنسیەیان گرتە ئەستۆ كە لە خۆرهەڵاتی جەزائیر ِفێنرا.
گروپی ناوبراو، داوا لە فڕانسۆ ئۆڵاندی سەرۆك كۆماری فەڕەنسا دەكەن لە ماوەی كاتژمێردا ئۆپەراسیۆنەكانی وڵاتەكەی دژ بە داعش لە عێراق رابگرێت، بەپێچەوانەوە ئەو هاوڵاتییە فەڕەنسیەی رفاندوویانە دەیكوژن.گروپەكە لە ژێر ناوی "پەیامی سەربازانی خەلیفە لە جەزائیر" گرتەیەكی ڤیدیۆییان لە ئینتەرنێت بڵاوكردووەتەووە و تیایدا ئاماژە بەوە دەكەن، هەڵمەتێكی نوێ خاچ پەرستان دژی موسڵمانان دەستی پیكردووە.
گروپەكە رایدەگەیەنن كەوا بەیعەتیان بە خەلیفەی موسڵمانان ئەبوبەكر بەغدادی داوە. هاوكات لە گرتە ڤیدیۆییەكەدا مۆڵەتی 24 كاتژمێر دەدەنە فڕانسوا ئۆڵاندی سەرۆك كۆماری فەڕەنسا بۆ وەستاندنی ئۆپەراسیۆنەكانی وڵاتەكەی لە دژی داعش لە عێراق و رایدەگەیەنن ئەگەر ئەو ئۆپەراسیۆنانە رانەگیرێن ئەوا هاوڵاتییە فەڕەنسییەكە دەكوژن.
هاوكات لە گرتە ڤیدیۆییەكەدا گۆردڵ بە زمانی فەڕەنسی قسە دەكات و خۆی بە هێرڤ بیر گۆردڵ دایكبووی ساڵی 1959ی شاری نیسی فەڕنسا دەناسێنێت، باس لەوە دەكات، كە لە 20ی ئەیلولدا سەردانی جەزائیری كردووە و لە رۆژی یەك شەممەوە تا ئیستا لەلایەن ئەو گروپەوە رفێندراوە.
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا رفاندنی هاوڵاتیەكی وڵاتەكەی لە خۆرهەڵاتی جەزائیر پشتراستكردۆتەوە و هاوكاتیش لە بەیاننامەیەكدا داوای لە هاوڵاتیانی خۆی كردووە خۆیان لە سەردانیكردنی 30 وڵاتی جیهان كە زۆربەیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیان، بپارێزن.