Betül Yürük
02 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 04 شوبات 2016
نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا، ستیڤان دیمیستورا گوتی: "لەگەڵ ھاتنی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆبوونەوەکانی جنێڤ بە فەرمی دەستی پێکرد".
دیمیستورا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ساز کرد و رایگەیاند کە سبەی لەگەڵ شاندی رژێمیش کۆدەبێتەوە.
دیمیستورا ئاماژەی بەوە دا کە ئازاری گەلی سووریا ھێشتا بەردەوامە و بۆیە پێویستە کۆبوونەوەکانی ئەمجارە جیاوازی ھەبێت و راشیگەیاند لەگەڵ دەستپێکردنی دانوستانەکانی جنێڤ پێویستە ھەنگاوی جددی بۆ بەستنی ئاگربەست بھاوێژرێت.
نوێنەرەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەش دا کە لەگەڵ بەشداریکردنی گرووپی پشتگیریی نێودەوڵەتی سووریا کۆبوونەوەکانی لە پێناو بەستنی ئاگربەست دەست پێدەکات و ھەروەھا گوتیشی: "لەگەڵ ھاتنی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆبوونەوەکانی جنێڤ بە فەرمی دەستی پێکرد".
دیمیستورا روونیشی کردەوە کە گوێبیستی نیگەرانی ھەردوو شاندی ئۆپۆزسیۆن و رژێمی سووریا بووە ئاشکراشی کرد کە ئامانجیان درێژەدانە بە دانوستانەکان بێ ئەوەی کێشەیەک بێتە ئاراوە.
ناوبراو لە درێژەدا گوتیشی: "پێویستە گشت لایەنەکان بە شێوەیەکی بونیاتنەر و کاریگەر بەشداری دانوستانەکان بکەن. لە پێناو درێژەدان بە دانوستانەکان پێویستیمان بە گشت لایەنەکان لە ژووری دانوستان ھەیە".