Hemin Hüseyin
13 ئەیلوول 2017•نوێکردنەوە: 13 ئەیلوول 2017
هەولێر - AA
لە بارەگای ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان پێشوازی لە هەردوو شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرا.
شاندەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان پێکهاتووە لە سکرتێری مەکتەبی سیاسیی، فازڵ میرانی و ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی، رۆژ نوری شاوێس و رێبوار یەڵدا و ئەندامی سەرکردایەتی، دڵشاد شەهاب و لە لایەنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، مەلابەختیار و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی، رزگار عەلی و سەرۆکی فڕاکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان، بێگەرد تاڵەبانی نوێنەرایەتی حزبەکەیان دەکەن.
دوای گەیشتنییان بۆ ئەنجوومەنی جێبەجێکاری یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە لایەن ئەمینداری گشتی یەکگرتوو، سەڵاحەددین محەمەد بەهائەددین، پێشوازییان لێکرا و کۆبوونەوەکە دەستی پێکرد.
ئەمە لە کاتێکدایە کە دوێنێ سێشەممە بە درێژایی رۆژ دوو کۆبوونەوەی سێقۆڵی لە نێوان هەریەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بەڕێوەچوو و کۆبوونەوەی دوومیش لە نێوان هەریەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و کۆمەڵی ئیسلامیی ئەنجامدرا و چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ بڕیاری یەکلاییکەرەوە لەبارەی کاراکردنەوەی پەرلەمان دەربکرێت.