Hakan Ceyhan Aydoğan,Muhammet Ali Kemal
12 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 13 نیسان 2017
مۆسکۆ- AA
وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ ئاشکرایکرد لە کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رێکس تیلەرسن، هەوڵ دەدەن لە نیازی راستەقینە و هەڵوێستی واشنتۆن سەبارەت بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوانیان و بابەتە نێودەوڵەتییەکان تێبگەن.
کۆبوونەوەی سێرگی لاڤرۆڤ و رێکس تیلەرسن لە میوانخانەی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە مۆسکۆی پایتەخت، دەستی پێکرد.
لەو بەشەی کۆبوونەوەکەدا کە کراوە بوو بەرووی میدیاکاندا، لاڤرۆڤ ئاماژەی بەوەکرد سەردانەکەی تیلەرسن هەلێکی باشە بۆ هەڵسەنگاندنی هەموو ئەو بوارانەی دەتوانن تێیدا هاریکاریی یەکتر بکەن، بەتایبەت پێکهێنانی بەرەیەکی هاوبەش لەبەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا.
سێرگی لاڤرۆڤ هێرشەکەی ئەمریکای بۆسەر بنکەی ئاسمانیی رژێمی سووریا بە نایاسایی ناوبرد و رایگەیاند: ''لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا باسی ئەو بابەتەمان کرد. لێدوان لەسەر ئاستی باڵاش لەلایەن رووسیاوە لەوبارەیەوە درا. ئێمە پێمان گرنگە کە کردەوەی لەوجۆرە لە داهاتوودا دووبارە نەبێتەوە''.
لاڤرۆڤ جەختی لەوەکردەوە کە ئامادەن لەسەر بنەمای رێزگرتن لەبەرژەوەندی یەکتر هاریکاریی بنیاتنەر و دایەلۆگیان لەگەڵ ئەمریکادا هەبێت و رایگەیاند: ''ئامادەین بۆ هاریکاریی. بۆ ئەوەش تێگەیشتن لە هەڵوێست و نیازی راستەقینەی ئێوە، بۆ ئێمە ئێجگار زۆر گرنگە''.
ئاماژەی بەوەشکرد هەڵوێستی رووسیا لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا بەپێی رووداوە سووڕاوەکان ناگۆڕێت و ئەوان موخاتەبەکانیان بە ''یان لەگەڵ ئێمەیت یان دژمانیت'' ناچار ناکەن.
- ''هیوای ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی کراوە و راستگۆیانە دەکەم''
رێکس تیلەرسن هیوای خواست سەبارەت بە داهاتووی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا-رووسیا و بابەتە نێودەوڵەتییەکان، کۆبوونەوەیەکی کراوە و راستگۆیانە لەگەڵ لاڤرۆڤدا ئەنجام بدەن.
تیلەرسن باسی لەوەکرد پێیان وایە ئەو کۆبوونەوەیە لە وادەیەکی زۆر گرنگدا ئەنجام دەدرێت و رایگەیاند: ''هەوڵ دەدەین لە هەڵوێست و دیدگای یەکتر تێبگەین. تاوتوێی ئەو بابەتانە دەکەین جیاوازی بیروڕامان هەیە لەسەریان و باسی ئەو خاڵانەش دەکەین کە هاوڕاین لەسەری. هەڵسەنگاندن بۆ هۆکاری جیاوازیی لە بیروڕاکانماندا دەکەین''.
چاوەڕوان دەکرێت لاڤرۆڤ و تیلەرسن لەدوای کۆبوونەوەیان، سەر لەئێوارە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەش سازبکەن.