سلێمانی
دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم ساڵی ١٩٩٨ دامەزراوە و لەسەرەتاوە تاڕۆژی مردنی، شێرکۆ بێکەس سەرۆکی دەزگاکە بووە، سەردەم تائێستا خاوەنی ٦٨١ زنجیرەی کتێبەو حەوت گۆڤاری ھەمەجۆر دەردەکات، گرنگترینییان: زانستی سەردەم، گۆڤارێکی وەرزیی تایبەتە بە زانستەکان. سەردەم-ی کوردی تایبەتە بەبواری فەلسەفە. سەردەم-ی عەرەبی بەزمانی عەرەبی. منداڵی سەردەم، گۆڤارێکی مانگانەی منداڵانە. رۆڤار، تایبەتە بەژیانی کەسایەتیەکی ناسراوی کورد".
لەدوای مردنی شێرکۆبێکەس لەمانگی ڕابردودا ، ڕەئوف بێگەرد وەک سەرۆکی نوێی دەزگاکە دیاری کرا، پەیامنێری ئاژانسی ئەنادۆڵو لەبارەی بەرنامە و پرۆژە و گۆڕانکارییەکانی دەزگاکە لەدوای بێکەسەوە دیمانەیەکی لەگەڵ بێگەرد ئەنجامدا.
بێگەرد باس لەوە دەکا سەرەتای کارەکانی دەزگای سەردەم لەدوای مردنی بێکەس پێداچونەوەی کارەکانی دەزگاکە بووە "بەرنامەی ئێمە لەدوای مردنی سەرۆکی دەزگاکە (شێرکۆ بێکەس) ماوەیەکی باشمان تەرخان کرد بۆ پێداچونەوە بەکارەکانی خۆمان و دەستنیشانکردنی ئایندەی دەزگای سەردەم و بەدیھێنانی ئەو بەرنامە و خەونانەی بێکەس ھەیبوو".
ئەنجامی یەکەم کۆبونەوەی دەزگاکە "لەو کۆبونەوەیەدا گەشتینە ئەو بڕیارەی دەزگای سەردەم وەک خۆی بمێنێتەوەو سەرۆکێکی نوێ بۆ دەزگاکەش ھەڵبژێردرا، ئەنجومەنی دەزگاکەش وەک خۆی مایەوە و بڕیارماندا ئەو گۆڤارو ڕۆژنامە و کتێبانەی دەریان دەکەین باشتریان بکەین".
ڕەئوف بێگەرد ئاماژە بەوە دەکات لەساڵی داھاتوو چەند ڤیستیڤاڵێک ساز دەکەن "چەند بەرنامەیەکی ساڵانەمان داناوە، لەوانەش لەسەر وەسیەتی شێرکۆ بێکەس ھەموو ساڵێک دەزگاکە خەڵاتێکی ساڵانە دەبەخشێتە دوو کتێبی ھەڵبژاردە لە بواری وەرگێران و نووسیندا، ھەروەھا ساڵانە لە یادی دامەزراندنی دەزگای سەردەمدا بۆ ماوەی دوو رۆژ کۆڕێکی فراوان ساز دەکرێت بەناوی شێرکۆ بێکەسەوە و بانگھێشتی کەسانی بیرمەندو روناکبیری دەرەوە دەکرێ".
بێگەرد لەبارەی پڕۆژەکانی دەزگاکەشەوە گوتی"پرۆژەکانی ئێمە زیادکردنی ئەو کتێبانەیە مانگانە دەریان دەکەین، کە ٣ بۆ ٤ کتێبی قەبارە گەورەیە لەگەڵ زیادکردنی ژمارەی کتێبەکان، ھەروەھا خوێنێکی تازە بکەینەوە بەگیانی ئەو نووسەرانەی بەشداریی نووسینی گۆڤارەکانمان دەکەن و زیاتر کارایان دەکەین".
زۆرجار پرسیار لەسەر سەرچاوەی دارایی دەزگاکە دەکرێ، سەرۆکەکەشی ئاماژە بەسەربەخۆیی سەردەم و سەرچاوەی بودجەکەی دەکا "سەردەم دەزگایەکی ئازاد و سەربەخۆیە و مانگانە لە حکومەتەوە بودجەیەک وەردەگرێ، لەگەڵ ئەوەشدا خۆمان داھاتی دوکان و چاپەمەنییەکانمان ھەیەو دەزگاکەی پێ بەڕێوە دەبەین".
ڕەئءوف بێگەرد باس لەوەش دەکا بڕیارێکیان ھەیە بۆ کەمکردنەوەی کارمەندانی دەزگاکە و بەگوتەی ئەو چەند بەشێکیان ھەیە کارمەندی زیادیان ھەیە و ئەوانەی پێویستییان پێیان نییە لە دەزگاکە نایانھێڵنەوە.
لەبارەی ئەوەشی تاچەند گۆڕانکارییە سیاسییەکان کاریگەری لەسەر دەزگاکە دەبێت، بێگەرد دەڵێ "لەلای ئێمە ھیچ گۆڕانکارییەکی سیاسی کاریگەری لەسەر دەزگای سەردەم نابێ، چونکە ئەوانەی دێنە ئێرە زۆربەیان ھاوڕێی ئێمەن و یەکتر دەناسین، باوەڕ ناکەین دەزگاکەش کە جێگەی شانازی ھەموو لایەنەکانە دەستکاری بکرێت".
سەرۆکی دەزگای سەردەم باس لەدواین پرۆژەو بەرھەمەکانی شێرکۆ بێکەس دەکات و دەڵێ"دواین دیوانی بریتی بوو لە(مردن بەڕێوەیە) و بڵاوکرایەوە، پرۆژەیەکی تری ھەبوو بەناوی (پاسکیل) کە کۆمەڵێک دۆکیۆمێنت و بەڵگەی کۆکردبوویەوە بۆ ئەوەی ئەو پاسکیلە وەک کاراکتەرێک بچێتە ناو کەرکوک و بەھەموو شەقام و کوچە و کۆڵانەکانەکانیدا بگەڕێ و مێژووی شارەکە لەکۆنەوە و بەھەموو پێکھاتە جیاوازەکانیەوە بگێڕێتەوە.
بەگوتەی بێگەرد ئەو دیوانە تەنھا ٢٠ لاپەڕەی لێ نووسراوە و شێرکۆ بێکەس لەدوای خۆی بەتەواونەکراوی بەجێی ھێشتووە.