ھەولێر
رۆژی دووشەمە ٣٠ی ئەیلول رێکخراوی مەسەلە بۆ پەرەپێدانی توانامرۆییەکان بەھاوکاری رێکخراوی فریاگوزاری گەلی نەرویجی NPA سیمینارێکیان سەبارەت بە پێکھاتە و گرفتەکانی بەردەم بودجەی گشتی ساڵی ٢٠١٣ و ٢٠١٤ی ھەرێمی کوردستان و ئەدای حکومەتی ھەرێمی کوردستان رێکخست.
بیلال سەعید ئەندامی رێکخەری کارەکانی رێکخراوی مەسەلە رایگەیاند "ئامانج لەم گفتوگۆیە ئەوەیە لەرێی ئابوری ناسان و رێکخراوەکان بتوانرێ میکانزیمێکی گونجاو بۆ گرفت و ئاستەنگەکانی ناو بودجەی ساڵی ٢٠١٤ ھەرێمی کوردستان دەستنیشانبکرێ ".
بەپێی بودجەی ھەرێمی کوردستان و لێژنەی دارایی پەرلەمان، بودجە دابەشدەبێت بەسەر چەند سێکتەرێکدا. لەساڵی ٢٠١٣ وەزارەتی پەروەردە و پێشمەرگە و ناوەخۆ زۆرترین بودجەیان بۆ تەرخانکراوە، کە بەتەنیا وەزارەتی ناوخۆ ١١.٧% بووە وەزارەتی پێشمەرگەش ١١.٤٩% کەچی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون ١.٥٨% و وەزارەتی کشتوکاڵ ١.٩٧% بووە.
ئابوری ناس شەماڵ نوری دەڵێت "بەئاشکرا دیارە ھەندێ وەزارەت بودجەیەکی زۆریان بۆ دانراوە، نەدەبوایە بەو شێوەیە بوایە بۆنموونە ئێمە ناڵێین بابودجەی وەزارەتی ناوخۆ کەمبێت، دەزانین سێکتەری ئەمنی پێویستیەکی حەتمیە، بەڵام دەکرێ سێکتەرەکانی تریش بودجەی پێویستیان بۆ زیاد بکرێت".
بەپێی پرۆژە بودجەی ساڵی ٢٠١٤ ، بودجەی گشتی عێراق بە ١٥٧ تریلیۆن دینار خەڵمێنراوە، لەکاتێکدا بودجەی گشتی عێراق ساڵی رابردوو ١٣٨ تریلۆن و ٤٢٤ ملیار دیناربووە، لە بودجەی نوێ بەشە بودجەی ٢٠١٤ی ھەرێمی کوردستان کە لەسەدا ١٧ یە، دەکاتە ١٦ تریلیۆن و ٤٠٠ ملیار دینار.
لەھەمان پرۆژەدا لە بەشی وەبەرھێنان و بەکارخستن لە بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٤ رێژەی لەسەدا ٤٠% بۆ وەبەرھێنان دانراوە، لەسەدا ٦٠%یش بۆ بەکارخستن. ئەمە لە کاتێکدایە بەگوێرەی ھێڵکارییەکان، بودجەی گشتی ھەرێمی کوردستان. لە ٢٠١٣ لەسەدا ٣١.٤٨%ی بودجە بۆ بەشی وەبەرھێنان چووە، لەسەدا ٦٨.٥٢%یش بۆ بەکارخستن.
شەماڵ نوری رەخنە لە شێوازی ئامادەکردنی پرۆژە بودجەی ھەرێمی کوردستان دەگرێ و دەڵێت "بەراورد بە وڵاتانی پێشکەوتوو، پلاندانان بۆ بودجە لە کوردستان زۆر پاشکەوتووە، زۆرجاریش دەکەوێتە ناومملانێی سیاسی حزبەکانی ناو پەرلەمان بەئارەزووی خۆیان سیاسەتی پێوە دەکەن".
نوری وتیشی "چاوەڕوان دەکرێت. ھەمان گرفتی ساڵی رابردوو ئەمساڵیش دووبارە ببێتەوە، وەک لە سێکتەری خەرجیەکانی تر. سودە کۆمەڵایەتییەکان. کۆمەک. شمەک و خزمەتگوزاری. کورتھێنانی بودجە. وەبەرھێنان و بەھەدەردان.. ھتد چونکە گرفتەکان وەکخۆیان ماونەوتەوە".
ئەو ئابوریناسە پێیوایە کەرتی ئابوری لە ھەرێمی کوردستان توشی چەقبەستویی ھاتووە، حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار پرس بە ئابوری ناسان ناکەن، لەکاتێکدا سەندیکای ئابوری ناسانی کوردستان شەش ھەزار ئەندامی ھەیە و دەیان شارەزاو پرۆفیسۆری تێدایە کەچی ھیچ رۆڵێکیان نیە.
بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، رێژەی دانیشتوانی ھەرێمی کوردستان. پێنج ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار کەسە لەو رێژەیەش ١ ملیۆن ٣٤١ کەس لە کوردستان موچە وەردەگرێت، بەرێژەیەکی دیاریکراو کۆی میلاکی پلە وەزیفییەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لە ساڵی ٢٠١٣ گەیشتۆتە ٦٨٢ ھەزار و ٨٤٩ پلە وەزیفی.