Abdullah Shukur
09 کانوونی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 09 کانوونی یەکەم 2018
ریاز - AA
٣٩ یەمین لووتکەی ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداو لە شاری ریاز پایتەختی سعوودیە بەبێ بەشداری میری قەتەر، تەمیم بن حەمەد ئالسانی، سەرۆکی ئیمارات، خەلیفە بن زاید ئالنهیان و سوڵتانی عومان، قاوبوس بن سەعید دەستیپێکرد.
شای سعوودیە، سەلمان بن عەبدولعەزیز گوتارێکی لە لووتکەکەدا پێشکەش کرد و گوتی: "ناوچەکە بە قۆناغی ھەڕەشەکردن و دژایەتی تێپەر دەبێت. ھەروەکو دەزانن تیرۆر و ھێزە توندڕەوەکان ھەڕەشە لە ئاسایشی ھاوبەشی وڵاتان دەکەن".
سەلمان بن عەبدوڵعەزیز گوتیشی: "رژێمی ئێران بەردەوامە لە چاودێریکردنی ئەو گرووپانە و سیاسەتی دوژمنایەتی و دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتانی دراوسێ".
شای سعوودیە ئاشکرایشی کرد کە دەبێت بەرامبەر کردەوەکانی ئێران ئەمانەی خوارەوە ئەنجام بدرێن؛ "پاراستنی بەرژەوەندییەکانی وڵاتان"، "ھاوھەڵوێستی لەپێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە جیھان، "دەستەبەرکردنی دڵنیایی تەواو بەرامبەر پرۆگرامی مووشەکی بالیستی و ناوەکی ئێران".
شا سەلمان راشیگەیاند کە ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداو لەپێناو بەھێزکردنی ئاسایش و سەقامگیریی گەشەپێدان پێکھێنراوە و گوتیشی: "پێموایە ھەموومان پێداگرین لەسەر پاراستنی ھەبوونی ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداو و بەھێزکردنی رۆڵی ئەنجوومەنەکە لە ئێستا و داھاتوودا".
شای سعوودیە ئاماژەی بەوەشدا کە وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە بەرگریکردن لە پرسەکانی پەیوەندیدار بە جیھانی ئیسلامی و عەرەب لە سەکۆی نێودەوڵەتی. ئاشکراشی کرد کە لەم چوارچێوەیەدا پرسی فەڵەستین بۆ ئەوان زۆر گرنگە.
میری کوێت، سەباح ئەحمەد جابر سەباح، شای بەحرێن، حەمەد بن عیسا خەلیفە، جێگری سەرۆکوەزیرانی سوڵتانشینی عوممان، فەھد بن مەحموود سەعید و جێگری سەرۆکی ئیمارات و میری دوبەی محەمەد بن راشد ئالمەکتوم بەشداری لە لووتکەکەدا دەکەن.
شای سعوودیە داواتنامەی فەرمی بۆ میری قەتەر، تەمیم بن حەمەد ئالسانی ناردبوو بەمەبەستی بەشداریکردنی لە لووتکەکەدا بەڵام دوێنێ بەرپرسێکی قەتەری رایگەیاندبوو کە میری قەتەر بەشداری لە ٣٩یەمین لووتکەی ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداو ناکات.