مەدرید
سەرۆكی یانەی ریال مەدرید فلۆرەنتینۆ پێریز دوای ئەوەی كۆتاییان بە گرێبەستی راھێنەری یانەی ریال مەدرید كارلۆ ئەنچێڵۆتی ھێنا لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند: "بڕیاری كۆتایی پێھێنانی گرێبەستی ئەنچێڵۆتی ھەم بۆ من و ھەم بۆ ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن زۆر سەخت بوو، بەڵام پێویستە لەومەودا خێراییەكی دیكە بە دەست بھێنین".
فلۆرەنتینۆ پێریز لەمیانەی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە لە ھۆڵی شەرەفی یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بەڕێوەچوو لە بارەی بابەتەكەوە گوتی: "ئەنچێڵۆتی دڵی من و ستافی یانەكە و ھاندەرانی بۆ لای خۆی راكێشا و لای ھەمووان خۆشەویست بوو. وەرزی رابردوو توانی 10مین جامی چامپیۆنز لیگ بەدەست بھێنێت و ناوی خۆی لە مێژوو تۆمار بكات. بەڵام یانەی ریال مەدرید یانەیەكی پێداگرە، ئێمە خاوەنی یانەیەكی گەورەین بۆیە دەبێت لە ئێستادا خێراییەكی دیكە بدۆزینەوە".
ناوبراو لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا نەیشاردەوە كە ھەفتەی داھاتوو ناوی راھێنەری نوێی یانەكە ئاشكرا دەكات. رۆژنامەنووسان داوایان لێكرد كە ناوی ئاشكرا بكات بەڵام ئەو سوور بوو لەسەر ئەوە جارێ ناوەكە بە نھێنی بھێڵێتەوە. ئەگەری ئەوە ھەبوو كە رافایەل بەنیتەز بھێنرێتە شوێنی ئەنچێڵۆتی رۆژنامەنووسێك پرسیاری ئەوەی لە سەرۆكی یانەكە كرد كە ئایە ئەو راھێنەرەی دەھێنرێتە شوێنی ئەنچێڵۆتی بە ئیسپانی قسە دەكا ؟ لە وەڵامدا پێریز گوتی: "ئەگەر بە ئیسپانی قسە بكات باشترە". ئەو وەڵامەی پێریز ئەگەری ئەوەی زیاد كرد كە رافایەل بەنیتەز بكرێتە راھێنەری یانەی ریال مەدرید.
وەك ئاشكرایە لە ماوەی رابردوودا سەرۆكی یانەی میلان ئادریانۆ گالیانی چەند جارێك پەیوەندی بە راھێنەر ئەنچێڵۆتیەوە كرد بێ ئەوەی راھێنەرایەتی یانەی میلان بكات بەڵام ئەو داواكارییەكەی رەت كردبووەوە رایگەیاندبوو كە ئەگەر لە یانەی ریال مەدرید جیاببێتەوە ساڵێك پشوو بدات. دواجار سەرۆكی یانەی میلان ئادریانۆ گالیانی بۆ قسە كردن لەگەڵ ئەنچێڵۆتی چووتە ئیسپانیا، سەرئەنجام ئەنچێڵۆتی دیسان داواكارییەكەی رەتكردووەتەوە كە یانەی میلان بەڕێوە ببات.