Ömer Erdem
17 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 17 نیسان 2023
خەرتوم - AA
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاند کە لەو شەڕ و پێکدادانەی لە ١٥ی نیساندا لەنێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە سوودان سەریهەڵداوە، ٨٣ کەس کوژراون و هەزار و ١٢٦ی دیکەش برینداربوون.
دوێنێش لە خەرتومی پایتەخت و چەند شارێکی دیکەی سوودان، شەڕ و پێکدادانی چڕ لەنێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بەردەوام بوو.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە ''لە ١٥ی نیسانەوە تا ئێستا، لانیکەم ٨٣ کەس لە شەڕ و پێکدادانەکانی خەرتوم، کوردوفانی باشوور، دارفۆری باکوور و ویلایەتەکانی باکووری وڵاتەکە گیانیان لەدەستداوە، هەزار و ١٢٦ کەسیش برینداربوون. ئەمە لەکاتێکدایە توندترین پێکدادان لە خەرتومە''.
لە راگەیەندراوەکەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانیدا باس لەوە کراوە کە بەهۆی پێکدادانەکانەوە نەخۆش و کارمەندانی تەندروستیی دووچاری کێشە بوونەتەوە لە گەیشتنیان بە نەخۆشخانەکان و نەبوونی هەندێ دەرمان و پێداویستی پزیشکیش لە نەخۆشخانەکاندا سەریهەڵداوە.
لە راگەیەندراوەکەدا، هەروەها داواکراوە رێز لە بێلایەنی بگیرێت لەبارەی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان و گەرەنتی بکرێت لە گەیشتنی برینداران بە بنکە تەندروستییەکان.
ئەوەشی وەبیرهێناوەتەوە کە ئەرکی هەموو لایەنەکانە لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتی مرۆییدا برینداران، نەخۆش، مەدەنی، کارمەندانی تەندروستیی، ئۆتۆمبێلەکانی فریاگوزاری و دامەزراوە تەندروستییەکان بپارێزن.
بەیانی رۆژی ١٥ی نیسان لە خەرتوم پایتەختی سوودان و چەند ناوچەیەکی دیکەی ئەو وڵاتە، شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا سەریهەڵدا.
ناکۆکییەکان بەهۆی چاکسازیی سەربازیی کە داوا دەکات هێزەکانی پشتیوانی خێرا کە هێزێکی نیمچەسەربازییە بخرێتە سەر سوپای سوودان، بە جۆرێک تەشەنەیان سەند گەیشتە ئەوەی ١٥ی نیسان هێز بەرامبەر یەکتر بەکار بهێنن.