Ramal Mahmood
07 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 08 ئەیلوول 2016
قاهیرە\سەنعا - AA
- وەزیری مافەکانی مرۆڤی یەمەن عزەدین ئەسباحی: "لەماوەی شەش مانگی رابردوودا ١٤٦ کەس بەشێوەی نایاسایی لەلایەن حووسییەکانی یەمەن و چەکدارانی لایەنگری عەلی عەبدوڵڵا ساڵحەوە کوژراون".
- وەزیری ئیدارە خۆجێییەکان عەبدولڕەقیب فەتیح: "سێ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار هاووڵاتیی ماڵ و حاڵیان جێهێشتووە و لەناو یەمەندا ئاوارەبوون. یەک ملیۆن و ٨٠٠ هەزار کەس بەهۆی شەڕەوە هەڵاتوون و ٣٧٠ هەزار یەمەنیش چاوەڕێی وەرگرتنی مافی پەنابەرێتیی دەکەن لە دەرەوە".
لەماوەی شەش مانگی رابردوودا ١٤٦ کەس بەشێوەی نایاسایی لەلایەن حووسییەکانی یەمەن و چەکدارانی لایەنگری عەلی عەبدوڵڵا ساڵحەوە کوژراون.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی فەرمی هەواڵیی یەمەن SABA، دوای کۆبوونەوەیان، هەریەک لە وەزیری مافەکانی مرۆڤ عزەدین ئەسباحی، وەزیری ئیدارە خۆجێییەکان عەبدولڕەقیب فەتیح و وەزیری تەندروستی ناسر موحسین باعوم کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشیان ئەنجامدا.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکدا وەزیری مافەکانی مرۆڤ عزەدین ئەسباحی گوتی: "لەماوەی شەش مانگی رابردوودا ١٤٦ کەس بەشێوەی نایاسایی لەلایەن حووسییەکانی یەمەن و چەکدارانی لایەنگری عەلی عەبدوڵڵا ساڵحەوە کوژراون".
ئاماژەی بەوەشکرد چەکدارەکان ٧٢ هەزار جار مافی هاووڵاتییانی سڤیلیان پێشێلکردووە، چوارهەزار و ٨٠٠ منداڵیان راپێچی گۆڕەپانەکانی جەنگ کردووە و دوو هەزار و ٥٢٥ کەسیان لە ماڵ وحاڵیان دەرکردووە.
وەزیری ئیدارە خۆجێییەکان عەبدولڕەقیب فەتیح تیشکی خستەسەر ئەوەی زیاتر لە ٢١ ملیۆن هاووڵاتیی یەمەن بەدەست نەبوونی خۆراک و پێداویستیی تەندرووستییەوە دەناڵێنن، لەنێویاندا حەوت ملیۆن و ٦٠٠ هەزار کەس بەدەست کەمیی خۆراکەوە گرفتارن.
ئاماژەی بەوەشکرد ٣٠٠ هەزار منداڵ لەیەمەن خواردنی ناتەندروستیان دەدرێتێ و گوتی: "سێ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار هاووڵاتیی ماڵ و حاڵیان جێهێشتووە و لەناو یەمەندا ئاوارەبوون. یەک ملیۆن و ٨٠٠ هەزار کەس بەهۆی شەڕەوە هەڵاتوون و ٣٧٠ هەزار یەمەنیش چاوەڕێی وەرگرتنی مافی پەنابەرێتیی دەکەن لە دەرەوە. زیاتر لە ١٠٠ ئامێری تەندرووستیی لەکارخراون، کە بەهۆیەوە ١٤ ملیۆن هاووڵاتیی لە خزمەتگوزارییە تەندرووستییەکان بێبەشبوون".
وەزیری تەندروستیی ناسر موحسین باعوم لە کۆنگرەکەدا ئاماژەی بەوەکرد لایەنگرانی ساڵح و حووسییەکان پارەی بانکی ناوەندیی یەمەن کە بڕی پێنج ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆلار بووە بەتاڵان بردوویانە و نزیکەی هەزار قوتابخانەشیان کردووەتە سەربازگە.
باعوم بڵاوکراوەیەکی لەژێر ناوی ''تراژیدیای شارێک'' بەسەر رۆژنامەواناندا دابەشکرد، کە تێیدا هاتووە ''لە تەعز دوو هەزار و ٥٠٠ کەس شەهیدبوون، ١٨ هەزار کەسیش برینداربوون. شەش هەزار کەس کەمئەندام بوون، دوو هەزار و ٣٠٠ تەلار و هەزار و ١٠٠ فرۆشگا، ١٥ ئوتێل، ١١ سەنتەری رۆشنبیریی و کولتووریی و ٦٥ پەرستگا خاپوورکراون''. لە بڵاوکراوەکەدا هاتووە لەسەدا ٧٠ی دانیشتووانی تەعز پێویستیان بە هاوکاریی بەپەلەیە.