Ali Cura
23 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 24 تشرینی دووەم 2021
گرۆدنۆ- AA
نزیکەی دوو هەزار کۆچبەری نایاسایی کە لەسەر سنووری بێلاڕووس لەگەڵ پۆڵەندا گیریان خواردوە لە رەوشێکی مرۆیی خراپدا دەژین.
نوێنەرانی رێکخراوە مرۆییە جیهانییەکان سەردانی ئەو کۆچبەرانە دەکەن کە رۆژبەرۆژ رەوشی ژیانیان سەختتر دەبێت.
بەڕێوبەری ناوچەی ئەورووپای رێکخراوی تەندروستیی جیهانیی، هانس کلوگ سەردانی ئەو کۆچبەرانەی کرد و لە نزیکەوە رەوشی ژیانیانی بینی.
کلوگ گفتوگۆی لەگەڵ چەند کۆچبەرێکدا ئەنجام دا، ئەو کۆچبەرانە باسیان لەوە کرد کە نایانەوێت بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان و دەیانەوێت بچنە ئەورووپا.
دوای سەردانەکەش کلوگ لێدوانی بۆ رۆژنامەنووسان دا و باسی لەوە کرد کە پێویستە لە کەمپەکانی مانەوەی کۆچبەراندا رێگری لە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا بکرێت.
لای خۆشییەوە سیناتۆری ئەنجوومەنی کۆماریی بێلاڕووس، ڤیکتۆر لیسکۆڤیچ باسی لەوە کرد کە هیچ حاڵەتێکی تووشبوون بە کۆرۆنا لەناو کۆچبەرەکاندا تۆمار نەکراوە، چونکە زۆربەیان پێش هاتنیان بۆ بێلاڕووس خۆیان کوتاوە، ئەوانەشی کە خۆیان نەکوتاوە خاڵی تایبەت بە کوتانیان بۆ داندراوە.

لیسکۆڤیچ ئاماژەی بەوەش دا کە هۆکاری سەرەکی نەخۆشکەوتنی بەشێک لە کۆچبەران سەرمایە.
سکرتێری گشتیی رێکخراوی خاچی سووری بێلاڕووس، دمیتری شێڤتسۆڤ ئەوەی ئاشکرا کرد کە تا ئێستا، ٥٣ هەزار تۆن خۆراکیان وەک هاوکاری بەسەر کۆچبەرەکاندا دابەش کردووە.
لەلایەکی دیکەشەوە فەرمانڕەوای ناوچەی گرۆندۆ، ڤلادیمیر کارانیک باسی لەوە کرد کە یەکێتیی ئەورووپا بەڵێنی دابوو ٧٠٠ هەزار یورۆ بداتە بێلاڕووس بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی کۆچبەران، بەڵام تا ئێستا هیچ پارەیەکی نەناردووە.