Muhammet Ali Kemal
15 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 16 شوبات 2017
ئەنقەرە- AA
وەزیری ناوخۆی تورکیا، سولەیمان سۆیڵو رایگەیاند ''لە ئێستادا ژمارەی ئەو کەسانەی لە تورکیا پەنابەر و کۆچبەرن، 3 ملیۆن و 551 هەزار و 78 کەسە. بەپێی ئامارەکانی ئافاد، تورکیا بەدامەزراوە حکوومییەکان، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و خەڵکی وڵاتەکەوە، بڕی 25 ملیار دۆلاری بۆ پەنابەرانی قەیرانی سووریا خەرجکردووە''.
سولەیمان سۆیڵو لە ''کۆبوونەوەی سیاسەتی کۆچ''دا کە لەلایەن خانەی والی غالب دەمیرەلەوە سازکرابوو، گوتەیەکی پێشکەش کرد.
سولەیمان سۆیڵو رایگەیاند ''تورکیا هیچ کەسێک کە هاتبێتە بەر دەرگاکەی، نەگەڕاندووەتەوە. خەڵکانی بەکۆمەڵ بۆ نێو گولـلـە و بۆمبەکان نەناردووەتەوە. لەکاتێکدا کە ژێرخانی دامەزراوەییمان ئامادەکردووە، لە بوارەکانی کۆمەڵایەتی و ئەمنییدا، رێگەمان بەکەلێنی گەورە و پێکدادان نەداوە. ئەمە کارێکی ئاسان نییە. لە ئێستادا ژمارەی ئەو کەسانەی لە تورکیا پەنابەر و کۆچبەرن، 3 ملیۆن و 551 هەزار و 78 کەسە. بەپێی ئامارەکانی ئافاد، تورکیا بەدامەزراوە حکوومییەکان، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و خەڵکی وڵاتەکەوە، بڕی 25 ملیار دۆلاری بۆ پەنابەرانی قەیرانی سووریا خەرجکردووە. تورکیا لەکاتێکدا سەرگەرمی ئەمانە بووە، بەرەنگاری تیرۆر بووەتەوە. بەرەنگاری رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە، پەیەدە، فەتۆ و داعش بووەتەوە. هەڵبژاردنی ئەنجامداوە. لە هەوڵی کودەتا رزگاری بووە و بەرەوڕووی هێرشی ئابووری بووەتەوە. کۆی گشتیی ژمارەی داواکاریی ئەو پەنابەرە سوورییانەی لەلایەن وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپاوە بۆ مانەوە لەو وڵاتە، پەسەندکراوە، بریتییە لە 866 هەزار و 831 کەس. ئەو ژمارەیەش کە لەلایەن تورکیاوە میواندارییان لێکراوە، 3.3 هێندەی ئەو ژمارەیەیە''.
وەزیری ناوخۆی تورکیا ئاماژەی بەوەکرد لە ساڵی 2011ەوە تا ئێستا سیاسەتی ''دەرگای کراوە''یان لەبەرامبەر هاووڵاتییانی سووریادا جێبەجیکردووە و رێژەی لەسەدا 10ی سوورییەکان کە لەتورکیان، لەناو کەمپەکاندا جێگەیان کراوەتەوە.