Rewa Haci
04 کانوونی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 05 کانوونی دووەم 2019
تاران - AA
وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریف رەخنەی لە لێدوانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا مایک پۆمپیۆ گرت کە دەربارەی ئێران کردبووی و رایگەیاند، تاقیکردنەوەی مووشەک لەلایەن ئێرانەوە، پێشێلکردنی بڕیاری ٢٢٣١ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان نییە.
زەریف لە سۆشیال میدیا روونکردنەوەیەکی بڵاو کردۆتەوە لەسەر لێدوانی پۆمپیۆ کە دەربارەی پلانی ئێران بۆ هەڵدانی سێ کەشتیی بۆشایی لە ماوەکانی داهاتوودا، دابووی.
لە راگەیەندراوەکەیدا زەریف رەخنە لە ئەمریکا دەگرێت و دەڵێت، هەڵدانی کەشتی بۆشایی و تاقیکردنەوەی مووشەکی لەلایەن ئێرانەوە، پێشێلکاری بڕیاری ٢٢٣١ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان نیە .
زەریف گوتیشی "لەراستیدا ئەمریکا خۆی بڕیاری ٢٢٣١ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشێل دەکات بەو هۆیەوە لە دۆخێکدا نیە بتوانێت وانەی کەس دابدات. دەمەوێت ئەمە بیری ئەمریکا بهێنمەوە: یەکەم، بڕیاری ١٩٢٩ ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان مردووە. دووهەم، هەڕەشە هەڕەشەی لێدەکەوێتەوە، شارستانی بوونیش شارستانییەت".