Mustafa Deveci
25 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 26 کانوونی یەکەم 2020
قودس - AA
ساڵی ۲۰۲۰ ساڵی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل بوو لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی، لە ھەمان کاتدا ساڵی دەرکەوتنی قەیرانێکی ناوخۆیی قوڵ بوو لە نێوان سەرۆکوەزیران، بنیامین ناتانیاھو و وەزیری بەرگری، بێنی گانتز کە پێکەوە حکوومەتی ھاوپەیمانی ئیسرائیل-یان پێکھێنابوو.
لەمساڵدا ئیسرائیل، سەرەتا لەگەڵ چوار وڵاتی عەرەبی رێککەوتننامەی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی واژۆ کرد.
سەرەتای ئەم رووداوانە لە ۲٨ی کانوونی دووەمدا دەستیپێکرد کە لەو بەروارەدا و لە رێوڕەسمێکی کۆشکی سپیدا سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ بەناو رێککەوتنی "ئاشتی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست"ی بۆ رای گشتی راگەیەند.
ئەم پلانە کە ئامانجی لەباربردنی داوای رەوای فەلەستین بوو، چەند ماددەیەکی وەک ناساندنی قودس بە پایتەختی یەکپارچەی ئیسرائیل و بەستنەوەی یەکەکانی نیشتەجێبوونی جولەکە لە کەناری رۆژئاوا بە دەوڵەتی ئیسرائیل-ی لەخۆگرتبوو.
لە پلانەکەدا مافی گەڕانەوەی شەش ملیۆن پەنابەری فەلەستینی کە بەھۆی داگیرکارییەکانی ئیسرائیل ماڵ و حاڵیان بەجێھێشتوە، پشتگوێخرا.
ئیسرائیل بەخۆشحاڵییەوە پێشوازی لەم پلانە کرد بەڵام فەلەستینییەکان بەتوندی دژی وەستانەوە.
- لە ماوەی یەک ساڵدا سێ جار ھەڵبژاردنی پێشوەخت لە ئیسرائیل بەڕێوەچوو
لە سایەی پلانی بەناو ئاشتی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، لەماوەی یەکساڵدا سێ جار ھەڵبژاردنی پێشوەخت لە ئیسرائیل بەڕێوەچوو.
یەکەم ھەڵبژاردنیان لە دووی ئاداردا ئەنجامدرا. ھەرچەندە پارتی لیکود کە پارتی بنیامین ناتانیاھو بوو لەم ھەڵبژاردنەدا سەرکەوتنی بەدەستھێنا بەڵام ژمارەی پێویستی کورسییەکانی پەرلەمانی بەدەستنەھێنا کا ٦۱ کورسی بوو.
بۆ پێکھێنانی حکوومەتی ھاوپەیمانی، ناتانیاھو دانوستانی لەگەڵ گانتز دەستپێکرد، لە ۲۰ی نیساندا حکوومەتی ھاوپەیمانییان پێکھێنا و حکوومەتە نوێکە لە مانگی ئایاردا دەستبەکاربوو.
- ناتانیاھو بووە یەکەم سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کە دادگایی کرا
ماوەیەکی کەم دوای دەستبەکاربوونی حکوومەتی ھاوپەیمانی، ناتانیاھو سێ داوای یاسایی تایبەت بە گەندەڵی لەسەر تۆمار کرا و بەو ھۆیەوە چووە بەردەم دادگا.
بەم شێوەیە ناتانیاھو بووە یەکەم سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کە لە کاتی پۆستەکەیدا دادگایی کرابێت، تا ئێستاش قۆناغی دادگایی کردنەکە بەردەوامە.
- ئیسرائیل لەگەڵ ئیمارات رێککەوتن بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان
یەکێک لە ھەواڵە ھەرە گرنگەکانی ئەمساڵ لە ئیسرائیل رێککەوتننامەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتە بوو لەگەڵ چوار وڵاتی عەرەبی بە دەستپێشخەری ئەمریکا.
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ ١٣ی ئاب رایگەیاند کە ئیسرائیل و ئیمارات گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان.
لە کاتێکدا ئیسرائیل ئەم ھەواڵەی وەک "سەرکەوتن" لەقەڵەم دا ئیدارەی فەڵەستین رێککەوتننامەکەی بە ناپاکیکردن لە دۆزی قودس، مزگەوتی ئەقسا و فەڵەستین پێناسە کرد.
دوای رێککەوتننامەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیمارات و ئیسرائیل حکوومەتی ئیسرائیل لە کاتێکدا رایگەیاند کە بە شێوەیەکی کاتی پلانی لکاندنی ناوچە جولەکەنشینە نایاسایییەکانی کەناری رۆژئاوا بە ئیسرائیلەوە ھەڵدەپەسێرن، ناتانیاھۆ ئاماژەی بەوە دا کە دەستبەرداری پلانەکە نەبوون.
لە دوای ئیماراتیش بەحرەین لە ١١ی ئەیلوول پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردەوە.
لە میانی رێورەسمێکدا لە ١٥ی ئەیلوول لە کۆشکی سپی رێککەوتننامەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ ئیمارات و بەحرەین واژوو کرا.
- سودان و مەغریبیش چوونە نێو بازنەی "ناپاکییەوە"
دوای ئیمارات و بەحرەین، سودان و مەغریبیش پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردەوە، کە فەڵەستینییەکان ئەم ئاساییکردنەوە بە "ناپاکی" لەقەڵەم دەدەن.
ئیدارەی خەرتوم لەبەرامبەر دەرھێنانی ناوی سودان 'لە لیستی وڵاتانی پشتیوانی تیرۆر" لەلایەن ترەمپەوە لە ٢٣ی تشرینی یەکەم بڕیاری ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی دا لەگەڵ ئیسرائیل.
بە دوای سودانیشدا ١٠ی کانوونی دووەم مەغریبیش گەیشتە رێککەوتن لەگەڵ ئیسرائیل بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان.
باس لەوە دەکرێت کە مەغریب لە بەرامبەر داننان بە سەروەرێتی مەغریب لە بیابانی رۆژئاوا لەلایەن ئەمریکاوە، ئەم بڕیارەی داوە.
بەمەیش مەغریب بووە چوارەمین وڵاتی عەرەبی کە ئەمساڵ پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردەوە.
- ھاوپەیمانی ناتانیاھۆ و گانتز دابەش بوو
لە کاتێکدا ئیدارەی ئیسرائیل پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی ئاسایی دەکردەوە، لە ناوخۆی ئیسرائیلدا کێشە لە حکوومەتی ھاوپەیمانیدا سەری ھەڵدا.
بەھۆی نەبوونی متمانە لەنێوان ناتانیاھۆ و گانتز بودجەی ٢٠٢٠ لە کاتی خۆیدا پەسەند نەکرا، بەمەیش پەرلەمان ھەڵوەشایەوە.
بەھۆی ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانیش ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ جاری چوارەم لە ماوەی دوو ساڵدا بووەتە ناچاری.
پلان بۆ ئەوە دادەندرێت ھەڵبژاردنەکە ئاداری ٢٠٢١ بەڕێوە بچێت.