Yusuf Aydın /Sangar Hamad
10 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 14 تشرینی دووەم 2016
ئەنقەرە - AA
سەرکەوتووی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا، کاندیدی کۆمارییەکان، دۆناڵد ترەمپ بەهۆی لێدوانە توندەکانی لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردن، بۆتە جێی باسی سیاسەتمەداران و کەسایەتییە ناودارەکانی جیهان.
سیاسەتمەدار و ناودارانی جیهان رەخنە لە ترەمپ دەگرن بەهۆی لێدوانەکانی و بە ئەدۆڵف هیتلەری ئەمریکا ناوی دەبەن.
وەزیری پێشوتری دەرەوەی ئەمریکا، کۆڵن پاوەڵ، ترەمپ-ی تۆمەتبار کرد بەوەی کە لە مانگی ئەیلوولی رابردوو دزەی کردبووە ناو ئیمێلەکانی ئۆباما بۆ دزینی زانیاریی و جگە لەوەش بە کەسێکی رەگەزپەست ناوزەندی دەکات و دەڵێت "ترەمپ بۆ ناوخۆی وڵات مایەی شەرمەزارییە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش بەڵایە".
جێگری سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن کە لەکاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان پشتیوانی هیلاری کلینتۆن-ی دەکرد، لەبارەی ترەمپەوە گوتی: "ترەمپ لەکاروباری سیاسەتی دەرەوەدا نەزان و نەفامە و دەبێتە هەڕەشەیەک بۆسەر وڵات".
سەرۆکی ئەمریکا، باراک ئۆباما لەڕوونکردنەوەیەکیدا لەمانگی ئابی رابردوو تیشکی خستبووە سەرئەوەی کە ترەمپ دژی موسوڵمانانە و گوتی: "کاندیدی کۆمارییەکان، دۆناڵد ترەمپ ئەگەر بێت و لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوێت توانای بەڕێوەبردنی ئەو وڵاتەی نابێت".
سەرکۆماری مەکسیک، ئێنریکی پێنا نیتۆ رەخنەی لە ترەمپ گرت کە لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا بانگەشەی ئەوەی کرد لە ئەگەری دەرچوونی دیوارێکی پۆڵاین لە نێوان ئەمریکا و مەکسیک دروست دەکات، هاوکات نیتۆ، ترەمپی بە ئەدۆڵف هیتلەر چواند.
لە لێدوانێکی بۆ یەکێک لە کەناڵەکانی ئەمریکا ئەکتەری بەناوبانگی هۆڵیوود، جێنیفەر لاورێنس جەختی کردەوە لەوەی کە ئەگەر بێت و ترەمپ ببێتە سەرۆکی ئەمریکا ئەوا بە واتای ئەوە دێت کە جیهان بەرەو کۆتایی دەڕوات.
نووسەری بەناوبانگ، ستیفەن کینگ لە بارەی ترەمپەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی کردەوە کە لە هەموو شتێک زیاتر لەوە دەترسا کە ترەمپ ببێتە سەرۆکی ئەمریکا چونکە کەسێکی قین لە دڵ و ترسنۆکە.
بێن ستیلەری ئەکتەری هۆڵیوودیش لەبارەی ترەمپەوە دەڵێت کە ترەمپ بە ئەکتەرە خراپەکانی فیلمەکان دەچێت. هاوکات باس لەوەش دەکات کە ترەمپ دەبێتە هیتلەری ئەمریکا.
نووسەری فیلمی هاری پۆتەر، جوانە رۆلینگ، ترەمپ بەکەسێکی خراپ وەسف دەکات و رایدەگەیەنێت کەوا لە کارەکتەری ڤۆڵدێمۆتی ناو فیلمی هاری پۆتەر خراپترە.
براوەی خەڵاتی ئۆسکار، رۆبێرت دینێرۆ بە هەمان شێوە رەخنەی لە ترەمپ گرت و گوتی: " ترەمپ کەسێکی شێت، نەزان و سەرسەرییە و ئەو کەسە ناتوانێت ئەمریکا بەڕێوەببات".
