Muhammed Emin Canik
15 تشرینی یەکەم 2023•نوێکردنەوە: 16 تشرینی یەکەم 2023
ئیستانبوڵ - AA
گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل دانیەل هاگاری ڕایگەیاند بە مەبەستی دابین کردنی ئاسایشی وڵاتەکەی، "لە هەر شوێنێکی ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست پێویست بکات چالاکیمان دەبێت".
لە لێدوانێکدا بۆ Times of Israel، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل دانیەل هاگاری "ئەوپەڕی ئامادەیی" هێزەکانی ئیسرائیلی ڕاگەیاندووە.
هاگاری ڕایگەیاندووە، "هەموو کاتێک چاودێری دەروبەرمان و هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست دەکەین. سوپا لە هەر شوێنێکی ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست پێویست بکات چالاکی دەبێت. بۆ هەموو بوارێک ئامادەین".
لە کاتێکدا هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بەردەوامە، نا بە ناویش پێکدادان لەسەر سنووری لوبنان ڕوو دەدات.
- پێکدادانەکانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین
بەرەبەیانی رۆژی شەممە ٧ی تشرینی یەکەم، لیواکانی عیزەددین قەسام باڵی سەربازیی حەماس لە كەرتی غەززەی گەمارۆدراو، دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکیان بە ناوی "گەردەلوولی ئەقسا" دژی ئیسرائیل ڕاگەیاند و لەبەرامبەردا سوپای ئیسرائیل بە ناوی جەنگی "شمشێری پۆڵایین" بە دەیان فڕۆکەی جەنگی هێرشێکی سەربازیی بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو مووشەکانە ڕاگەیاند، کە لە كەرتی غەززەی گەماڕۆدراوەوە ئاراستەی دەکرێت.
بە هۆی ئەو هێرشانەی لە غەززەوە دەکرێتە سەر ئیسرائیل تا ئێستا هەزار و ٣٠٠ ئیسرائیلی کوژراون و سێ هەزار و ٤٣٦ کەسیش بریندار بوون.
هاوکات وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین بڵاویکردەوە کە بە هۆی پێکدادانەکانەوە دوو هەزار و ٣٢٩ کەس لە کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە کە ٧٢٤یان منداڵ و ٤٥٨یان ژنن و نۆ هەزار و ٤٢ کەسیش بریندارن و هەروەها بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی ئیسرائیلییەکان لە کەرتی ڕۆژئاوا ٥٥ فەڵەستینی کوژراون و ٦١٩ کەسیشی بریندار بوون.
بە هۆی هێرشەکانی ئیسرائیل هەروەها لە کەرتی غەززە نۆ و لە لوبنان یەک ڕۆژنامەنووس کوژراون.