Raşa Evrensel
15 تشرینی یەکەم 2023•نوێکردنەوە: 16 تشرینی یەکەم 2023
جنێڤ – AA
پاپای کڵێسای کاسۆلیکی و سەرۆکی دەوڵەتی شاری ڤاتیکان، پاپا فرەنسیس ھانی ئیسرائیل و لایەنە فەڵەستینییەکانیدا کە لە کەرتی غەززە ڕێز لە یاسای مرۆڤایەتی بگرن.
پاپا فرەنسیس لە گوتارێکدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە پێشکەشی کرد گوتی: "مرۆڤ دەبێ ڕێز لە مافەکان بگرێت، بە تایبەتی دەبێت رێڕەوەکانی مرۆیی گەرەنتیکراو بن بۆ گەیاندنی بەپەلەی یارمەتییە سەرەتاییەکان بۆ ھەموو خەڵکی غەززە".
ھەروەھا ھانی ئیسرائیل و لایەنە فەڵەستینییەکانیدا کە توندوتیژی و ڕشتنی "خوێنی بێتاوان" بوەستێنن و داوایشی کرد، ئەو کەسانەی کە لە میانی گرژییەکاندا، بە بارمتە گیراون، ئازاد بکرێن.
گوتیشی: "داوا دەکەم کە خەڵکی مەدەنی، بەتایبەتی منداڵان، بەساڵاچووان و ئافرەتان نەکرێنە قوربانی ململانێیەکان".
پاپای ڤاتیکان لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: "تکایە چیتر لە خاکە پیرۆزەکان، ئۆکراینا و ھیچ شوێنێکی دیکە، خوێنی بێتاوان مەڕێژن! بەسە! شەڕەکان ھەمیشە شکستن".