Çağrı Koşak
14 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 14 نیسان 2021
تەرابلوس - AA
سوپای لیبیا، ئەوەی ئاشکرا کرد کە ئەو دوو فڕۆکەیەی لە میسر-ەوە هاتوون بۆ شاری سەبها باشووری لیبیا، چەکیان گواستووەتەوە.
گوتەبێژی بازنەی ئۆپەراسیۆنی سرت و جوفرە سەربە سوپای لیبیا، عەبدولهادی دراهـ لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو، ئەوەی ئاشکرا کرد کە لەژێر ئەو دەرمانانەی دوو فڕۆکەکە هێنابوویان، چەک و جبەخانە دۆزراونەتەوە و رایگەیاند "لە هەردوو فڕۆکەکەدا بڕێک دەرمان هەیە، بەڵام زۆرینەی باری فڕۆکەکان چەک و تەقەمەنییە".
ئەمە لە کاتێکدایە کە دوێنێ وەزارەتی تەندروستی لیبیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، گەیشتنی دوو فڕۆکە دەرمان و پێداویستی پزیشکی لە میسر-ەوە راگەیاندبوو.
هەروەها کەناڵی "الحدث" کە نزیکە لە لیوا خەلیفە حەفتەر لە هەواڵێکدا باسی لەوە کردبوو کە بە هەماهەنگی نێوان حەفتەر و سەرکۆماری میسر، عەبدولفەتاح سیسی دەرمان و پێداویستی پزیشکی گەیەندراوەتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سەبها.
جێی وەبیرهێناوەیە لیبیا لە دوای رووخانی رژێمەکەی موعەمەر قەزافی لە ساڵی ٢٠١١دا تا ئێستا لە ناسەقامگیریدا دەژی و دوای ئەوەی لە نیسانی ٢٠١٩دا میلیشیاکانی خەلیفە حەفتەر هەڵمەتێکیان بۆ کۆنترۆڵکردنی تەرابلوس-ی پایتەخت دەستپێکرد، توندتیژییەکان هەڵکشانی زۆریان بەخۆوەبینی.