Muhammet Ali Kemal
19 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 20 ئاب 2017
ستۆکهۆڵم- AA
فەرمانگەی کۆچی سوید داواکاریی هاووڵاتییەکی ئەفغانی کە مەزەندە دەکرێت بەتەمەنترین پەنابەری جیهان بێت و ناوی بیبیخاڵ ئوزبەکە و تەمەنی ١٠٦ ساڵ، بەمەبەستی وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی لەو وڵاتە، رەتکردەوە.
بەپێی هەواڵێکی رادیۆی حکوومەتی سوید، فەرمانگەی کۆچ داواکاری ئەو ژنەی بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەرێتیی، کە ماوەی ساڵێکە لە شاری سکارابۆرگی ناوچەی گۆتلاندی خۆرئاوا، دەژی، رەتکردووەتەوە و بڕیاری داوە دیپۆرتی بکاتەوە. هاوکات بیبیخاڵ ئوزبەک مافی تانەدانی لە بڕیارەکە هەیە.
ئوزبەک ساڵی رابردوو لەتەمەنی ١٠٥ ساڵیدا لە جەنگ هەڵاتووە و پەنابی بۆ سوید بردووە، لەگەڵ خانەوادەکەیدا و بەرێگەی قاچاغ گەیشتبوویە کرواتیا. پۆلیسی کرواتیا ئاماژەی بەوەکردبوو دوای لێکۆڵینەوە لە بەڵگەنامەکانی ناوبراو، بۆیان دەرکەوتووە بیبیخاڵ ئوزبەک تەمەنی ١٠٥ ساڵە. ئەو ژنە بەتەمەنە دواتر لە کرواتیاوە بەمەبەستی داواکردنی مافی پەنابەریی رووی لە سوید کردبوو.