Raşa Evrensel
20 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 20 تەمووز 2023
ئیستانبوڵ – AA
سوید ھەڵکوتانەسەر باڵیۆزخانەکەی لە بەغدا سەرکۆنە کرد و رایگەیاند کە ئەو کارە، "پێشێلکارییەکی مەترسیداری"ی رێککەوتننامەی ڤیەننایە.
وەزارەتی دەرەوەی سوید لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ھەڵکوتانەسەر باڵیۆزخانەکەیان لە بەغدا قبوڵ کراو نییە و سەرکۆنەی دەکەن.
راشیگەیاندووە کە ھەڵکوتانەسەر باڵیۆزخانەکەیان "پێشێلکارییەکی مەترسیداری"ی رێککەوتننامەی ڤیەننایە و ھاتووە "دەسەڵاتدارانی عێراق بەرپرسن لە پاراستنی نێردەی دیپلۆماسیی و کارمەندانی باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا".
رێککەوتننامەی ڤیەننا تایبەت بە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لە ساڵی ١٩٦١ واژوو کراوە کە تیایدا رێکار و کاری دیپلۆماسیی نێوان وڵاتان رێکخراوە، ھەروەھا ماف و ئەرکی ئەندامانی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان دیاریی کردووە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ژمارەیەکی زۆر لە لایەنگرانی رەوتی سەدر لە بەردەم باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا گردبوونەوە و نارەڕزایەتییان دەربڕی لەھەمبەر حکوومەتی سوید کە رێگەی داوە جارێکی دیکە قورئانی پیرۆز لە بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆکھۆڵم بسووتێندرێت.