Ramal Mahmood
05 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 06 تشرینی یەکەم 2016
بێلگراد - AA
بەهۆی ئەوەی کە ریفراندۆمەکەی هەنگاریا لەبارەی پەنابەران نیسابی یاسایی دەنگدەرانی تەواو نەکرد لە دوینێوە زیاتر لە ٢٠٠ پەنابەر لە بێلگرادی پایتەختی سڕبیاوە دەستیان کردووە بە رێپێوان بەرەو سنووری هەنگاریا، تاکو ئێستاش رێپیوانەکە بەردەوامە.
پەنابەران خوازیارن سنوورەکانی هەنگاریا ببەزێنن، دوای ئەوەی شەوی رابردوو بەگەیشتن بە بەنزینخانەیەکی ناوچەیەکی ئیندجیجادا تێپەڕین کە ٤٥ کیلۆمەتر لە بێلگرادەوە دوورە، ئەمڕۆش رێپێوانەکەیان بەرەو سنوور بەردەوامی پێ دەدەن.
پەنابەرێکی ئەفغانستانی بەناوی ڤۆلیه، لە لێدوانێکدا بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە لە دوێنێوە دەستیان کردووە بە رێپێوان لە بێلگرادەوە بەرەو سنووری هەنگاریا، گوتی: "شەو زۆر سارد بوو، باران باری. بەجۆرێک لە جۆرەکان خۆمان لە باران پاراست، بەڵام شەومان بە سەختی بەڕێ کرد".
ڤۆلیه ئاماژەی بەوە دا کە دەیانەوێت هەنگاریا سنوورەکانی بەڕووی پەنابەراندا بکاتەوە و دەستبەرداری ئەو داواکارییەشیان نابن. راشیگەیاند کە شەویان لەبەنزینخانەکەدا بەسەر بردووە و خواردنیان بۆ خۆیان دابینکردووە.
پەنابەرێکی دیکەی ئەفغانستانی بەناوی بیرات ئاماژەی بەوە دا کە بەهۆی نالەباری کەشوهەوا ژمارەیەک لەپەنابەران رەوشی تەندرووستیان باش نییە و بۆیە دەیانەوێت بگەڕێنەوە و، گوتی: "ئەوانەی نایانەوێت بگەڕێنەوە بێلگراد، بەردەوام دەبن لە رێپێوان. لەوێ ئەوە ژیان نییە تێیدا دەژین. داوا لە ئەڵمانیا دەکەین گوشار بخاتە سەر هەنگاریا تا سنوورەکانی بە رووی پەنابەراندا بکاتەوە. ئاودیوی سنوور دەبین و بەردەوام دەبین لە بڕینی رێگاکە".
ئەو پەنابەرانەی نەیاندەتوانی بەردەوام بن لەرێپێوانەکە و چاوەڕێی هاتنی پاسیان دەکرد تاکو بگەڕینەوە بێلگراد، لەو کاتەدا کاربەدەستان ئەو کەسانەیان بردە کەمپەکانی پەنابەران.
هەنگاریا نەیدەویست ئەو هەزار و ٢٩٤ پەنابەرە وەربگرێت کە یەکێتی ئەورووپا لەمیانی دابەشکردنی پەنابەران بڕیاری لەسەر دابوو، بۆ ئەم مەبەستە هەنگاریا ریفراندۆمێکی ئەنجامدا و بەهۆی بەشدارینەکردنی رێژەی پێویست، ریفراندۆمەکە هەژمار نەکرا.