دەنڤێر
رۆژنامەنووس گلین گرینۆڵد گوتی: "ئەو بەڵگانەی تازە بڵاوی دەکەینەوە، بە رادەی بەڵگەکانی پێشوو گرنگن کە نیشانی دەدات دەزگای ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا NSA لانیکەم گوێی لە ٧٠ ملیۆن پەیوەندیی تەلەفۆنی فەڕەنسی گرتووە."
گرینۆڵد یەکەم کەسبوو بەڵگەی لەسەر سیخوڕی نێونەتەوەیی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی وڵاتەکەی بڵاوکردەوە گوتی: "ھەرچەند ئێمە پیشتگیریی یەکتر بکەین، ھێرشی دەوڵەت لەسەر میدیای ئازاد ئەوەندەی دیکە زیاتر دەبێ."
گرینۆڵد ھەروەھا ئاشکرایکردووە ئەو راپۆرتانەی لە داھاتوو بڵاوی دەکاتەوە، نیشانی دەدەن کە چۆن ئەمریکا چاودێری دانیشتووانی وڵاتی خۆی کردووە.
راگەیەنراوە ئەو بەڵگانەی بڕیارە لەداھاتوو بڵاو بکرێنەوە لە ئێدوارد سنۆودن، بەرپرسی پێشووی سیستمی NSA وەرگیراوە، گرینۆڵد دەڵێ دەزانم بە بڵاوکردنەوەی ئەو بەڵگانە، لەناو رای گشتی، دیسان قەیران دروست دەکاتەوە: "ئیتیکی رۆژنامەنووسیم لەبەر چاوگرتووە، بەر لە بڵاوکردنەوەی ھەر بەڵگەیەک وتووێژم لەگەڵ کاربەستان کردووە، ھەست دەکەم ئازادیی رۆژنامەوانیی لە ئەمریکا، ماوەیەکی زۆرە لەبەردەم ھەڕەشە دایە."
گرینۆڵد بەتوندی رەخنەی گرت لە حکومەتی بەریتانیا، چونکە بەپێی قسەی خۆی لە دوای جیابوونەوەی لە رۆژنامەی گاردیان، داوایان لێکردووە ئەو بەڵگانە لەناو ببات.