Mazın Asad
18 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 18 تشرینی دووەم 2016
لە کۆبوونەوەی نائاسایی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی ھاریکاری ئیسلامی لە مەککە، یوسف ئەلعوسەیمن وەک ١١مین سکرتێری گشتی رێکخراوەکە دەستنیشان کرا.
بەپێی راگەیەندراوێکی رێکخراوی ھاریکاری ئیسلامی، لە کۆبوونەوەکەی کۆشکی سەفا لە مەککە، د. یوسف ئەلعوسەیمن کە تاکە کاندید بوو، بە سکرتێری گشتی ھەڵبژێردرا.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەیاد مەدەنی بەھۆی کێشەی تەندورستییەوە لە پۆستی سکرتێری گشتی رێکخراوەکە دەستی لەکارکێشاوەتەوە و راشگەیەندراوە کە ئەلعوسەیمن سوێندی یاسایی خوارد و دەستبەکار بوو.
-یوسف ئەلعوسەیمن کێیە؟
یوسف ئەلعوسەیمن لە خێزانێکی مامناوەندی لە شاری ئونەیزا لە سعوودیە لەدایکبووە و لە ساڵی ١٩٧٦ بەشی خزمەتگوزاری سۆسیۆلۆژی و کۆمەڵایەتی لە زانکۆی شا سعوود تەواو کردووە. لە ساڵی ١٩٨٨ وەک راوێژکار لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی سعوودیە کاری کردووە.
لە ساڵی ١٩٩١ بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی سعوودیە بووەتە جێگری وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و لە ساڵی ١٩٩٧یش وەک راوێژکاری وەزیر دەستبەکار بووە. لە ساڵی ٢٠٠٢ سکرتێری گشتی وەقفی شا عەبدوڵڵا بووە و لە ساڵی ٢٠٠٦شدا بووە بە سەرۆکی رێکخراوی کولتوور و ھونەری سعوودیە. ھاوکات لە ساڵی ٢٠٠٨ بووە بە وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی سعوودیە و تاوەکو ٢٠١٤ لەو پۆستە ماوەتەوە.
ئەلعوسەیمن ھەروەھا بەڕێوەبەری نووسینگەی سکرتارییەتی گشتی رێکخراوی ھاریکاری ئیسلامی و راوێژکاری سەرەکی مەدەنی بووە و لەگەڵ دەستبەکاربوونی لەو پۆستە، ئەوە دووەمین ھاووڵاتی سعوودیەیە کە دەبێتە سکرتێری گشتی رێکخراوی ھاریکاری ئیسلامی
جێگەی باسە رێکخراوی ھاریکاری ئیسلامی لە ساڵی ١٩٦٩ دامەزراوە.