Ömer Tuğrul Çam
30 تشرینی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 01 کانوونی یەکەم 2022
بوخارێست – AA
سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستۆڵتێنبێرگ راگەیاند، بۆ هێنانەدی ئاشتی یەکجارەکی لەنێوان رووسیا و ئۆکراینا دەبێت ئۆکراینا سەروەرێتی خۆی لە گۆڕەپانەکە بەدی بهێنێت، جەختی لەوە کردەوە کە ئەمەیش پێویستی بە هاوکاری سەربازییە بۆ ئۆکراینا.
یانس ستۆڵتێنبێرگ دوای تەواوبوونی دانیشتنەکانی یەکەم رۆژی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ لە بوخارێست پایتەختی رۆمانیا کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی بۆ رێک خرا.
سکرتێری گشتیی ناتۆ ئاماژەی بەوە دا کە چەند پێویست بکات هێندە لە رووی سەربازییەوە هاوکاری ئۆکراینا دەکەن لە بەرامبەر ئەو جەنگەی رووسیا لە دژی هەڵی گیرساندووە، سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتینی بەوە تۆمەتبار کرد کە بۆ ئەوەی ئۆکراینییەکان لەسەرمان سڕ ببن، یاخود ناچار بن وڵاتەکەیان جێ بهێڵن، زستان وەک چەکێک بەکار دەهێنێت.
یانس ستۆڵتێنبێرگ ئاماژەی بەوە دا کە لە کۆبوونەوەکانی بوخارێست، ناتۆ یەکڕیز دەبێت و جەخت لەسەر بەردەوامیدان بە هاوکارییەکانی دەکاتەوە بۆ ئۆکراینا و گوتی: "بەهۆی هێرشی رووسیا بۆسەر ژێرخانی مەدەنی ئۆکراینا، لەڕووی دابینکردنی سووتەمەنی، جلوبەرگی زستانە و دابینکردنی مۆلیدەوە هاوکاری ئۆکراینا دەکەین".
یانس ستۆڵتێنبێرگ جەختی لەوە کردەوە کە بۆ هێنانەدی ئاشتی یەکجارەکی لەنێوان رووسیا و ئۆکراینا دەبێت ئۆکراینا سەروەرێتی خۆی لە گۆڕەپانەکە بەدی بهێنێت، جەختی لەوە کردەوە کە ئەمەیش پێویستی بە هاوکاری سەربازییە بۆ ئۆکراینا و گوتی: "دانوستانەکانی سەر مێزی گفتوگۆ پەیوەندیدارە بەوەی لە گۆڕەپانی جەنگدا چی روو دەدات. هەرچەند ئەمە وەک لێکدژیش دەردەکەوێت، بەڵام راستییەکەی ئەوەی بۆ هێنانەدی ئاشتی یەکجارەکی پێویستە هاوکاری سەربازیی بۆ ئۆکراینا دابین بکرێت".