Hemin Hüseyin
24 نیسان 2018•نوێکردنەوە: 25 نیسان 2018
هەولێر - AA
زێوە ئیبراهیم حوسێن، کچێکی تەمەن ١٣ ساڵ، ماوەی بیست مانگە بە هۆی خراپی بارودۆخی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە و لە شاری هەولێر نیشتەجێن.
زێوە خەڵکی پارێزگای حەسەکەی سووریایە و لە تەمەنی سێ ساڵییەوە تووشی نەخۆشییەکی دەگمەن بووە کە بە (سیندرۆمی رۆسمۆند تۆمسۆن) ناودەبرێت، پێشتریش برایەکی زێوە لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا بە هۆی هەمان نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کردووە.
زێوە رۆژانە ١٧ جۆر دەرمانی جۆراوجۆر وەردەگرێت و نابێت تیشکی خۆری بەرکەوێت و هێزی رۆیشتنی نەماوە، هاوکات بە هۆی ئەوەی کە قوتابییەکانی هاوپۆلی خۆیان لێی دوورخستووەتەوە، بۆیە لە پۆلی حەوتەمدا قوتابخانەی جێهێشتووە و وەک باوکی دەڵێت ئیتر نایگەڕێتەوە بەر خوێندن.
ئیبراهيم حوسێن باوکی زێوە، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە تەمەنی سێ ساڵییەوە چەند زیپکەیەکی بچووک لە رووخساری پەیدابوو، سەردانی دکتۆرمان کرد و دکتۆرەکە گوتی ئەمە زیپکەی ئاساییە و چاک دەبێتەوە، بەڵام دوای ماوەیەک ئیتر برین لە جەستەی پەیدابوو، ساڵ بە ساڵ ئەم برین و پەڵەپەڵە لەسەر جەستەی زیادی کرد و لە ئێستاشدا باری تەندروستی لەوپەڕی خراپیدایە".
ئیبراهیم حوسێن گوتیشی: "رۆژانە ژمارەیەکی زۆر دەرمان وەردەگرێت، بەڵام هیچیان چارەسەری بنەڕەتی نییە، بەڵکو تەنها چارەسەری کاتییە و نیشانی چەند دکتۆرێکمان داوە و ئەوان دەڵێن چارەسەری ئەو نەخۆشییە لێرە نییە و پێویستی بە دەرەوەی وڵات هەیە بۆ ئەوەی بتوانین ژیانی بۆ بگەڕێنینەوە".
ئیبراهیم حوسێن ئاماژەی بەوەشکرد کە ژیانی رۆژانەی کچەیان بە قۆناغێکی سەختدا تێدەپەڕێت و بۆ هەمووکارێک پێویستی بە هاوکاری هەیە و لە هەمانکاتیشدا لەبەرامبەر ئەو هاوکارییانەدا هەست بە شکانەوە دەکات و ئازارەکانی زۆرتر دەبێت.
دکتۆر عادل حوسێن پسپۆڕ لە نەخۆشی گشتی سەبارەت بە هۆکار و نیشانە و دەرەنجامەکانی ئەم نەخۆشییە (سیندرۆمی رۆسمۆند تۆمسۆن) بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەم نەخۆشییە کە بە ناوی ئەو زانایە کراوە کە لەسەدەی نۆزدەهەم دۆزییەوە، نەخۆشییەکی زگماکییە و لە خەلەلی کڕۆمۆسۆم پەیدادەبێت، واتا ئەگەر دایک و باوکێک نەقسیان لە کڕۆمۆسۆم هەبێت ئەوا منداڵەکە تووشی ئەم نەخۆشییە دەبێت و زیاتر تووشی رەگەزی مێینە دەبێت".
دکتۆر عادل حوسێن گوتیشی: "ئەم نەخۆشییە (سیندرۆمی رۆسمۆند تۆمسۆن) بە پلەی یەکەم کاریگەری دەبێت لەسەر پێست و ئێسک و چاو و وا دەکات کە حەساسییە بەرامبەر هەتاو زیاد بکات، هەر بۆیە کە نەخۆش دەچێتە بەرهەتاو تووشی خۆربردن دەبێت و سوور هەڵدەگەڕێت، هەروەها مووی برۆ و قژ چرچ دەبنەوە و نینۆکەکان زوو دەشکێن، ددانەکانیش بچووک دەبنەوە و ئێسک لاواز دەبێت و زوو دەشکێت و هەندێک جاریش گرێ لەسەر ئێسک پەیدادەبێت و لە چاویشدا ئاوی سپی پەیدا دەبێت و ئەوانەی ئەو نەخۆشییەیان هەیە، ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجە ئێجگار زۆرە".
دکتۆر عادل حوسێن ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەم نەخۆشییە هیچ چارەسەرێکی نییە و تەنها خۆپاراستن لە هەتاو، لەهەمانکاتدا پێویستە چاودێری بکرێت بۆ ئەوەی نەکەوێت چونکە ئێسکی لاواز دەبێت و درەنگ چاک دەبێتەوە".
بە گوتەی دکتۆر عادل حوسێن، ئەم نەخۆشییە (سیندرۆمی رۆسمۆند تۆمسۆن) زۆر دەگمەنە و بەیەکێک لە نەخۆشییە دەگمەنەکانی جیهان دادەنرێت.