Muhammet Ali Kemal
15 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 16 ئاب 2016
میسرییەکانی دانیشتووی کەنەدا لە سێیەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژییەکەی گۆڕەپانی رابیعەدا لە هەریەک لەشارەکانی تۆرۆنتۆ، کالیاری و مۆنتریاڵ خۆپیشاندانیان ساز کرد.
لەچوارچێوەی چالاکییەکانی ١٤ی ئاب رۆژی جیهانی رابیعەدا، خۆپیشاندەران لە گۆرەپانی سکوێر وەن کۆبوونەوە و ئیدانەی رژێمی سەربازیی میسر و سەرکۆمار عەبدولفەتاح سیسیان کرد. خۆپیشاندەران درووشمی پشتیوانییان بۆ یەکەم سەرکۆماری هەڵبژێردراوی میسر، محەمەد مورسی کە بە کودەتا لەسەر کارەکەی لادرا، گوتەوە و داوایان لە سەرۆکوەزیرانی کەنەدا، جەستن ترودیۆ و گەلی کەنەدا کرد بەرامبەر بە رووداوەکانی میسر بێدەنگ نەبن.
خۆپیشاندەران تیشێرتی زەردیان پۆشی بوو کە نیشانەی رابیعەی لەسەر نەخشێنرابوو، هەروەها لافیتە و نووسراویان بەرزکردبوویەوە کە هەمان نیشانەی لەسەر بوون. خۆپیشاندانەکانیش لەلایەن هەریەک لە رەوەندی سووری، جەزائیری و تورکیەوە پشتیوانیی لێکرا.
رێکخەری خۆپیشاندانەکە، بەناوی یاسەمین یوسف ئاماژەی بەوە کرد سێ ساڵ لەبەوبەر ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی میسری لە کۆمەڵکوژییەکەی گۆڕەپانی رابیعەدا کوژران، بەشێکی زۆر زیاتر لەو ژمارانەی کە لە دەزگا فەرمییەکانەوە راگەیەنراون و بەپەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی گوت: ''لە کاتێکدا لە میسر دیموکراسی، مافەکانی مرۆڤ و یاسا پیشێلکراون، تەنها تورکیا گوێی لە دەنگی ئێمە بوو''.
لە رۆژی سێی تەمووزی ساڵی ٢٠١٣دا، سەرۆک ئەرکانی سوپا، عەبدولفەتاح سیسی دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرت و یەکەم سەرکۆماری هەڵبژێردراوی میسر، محەمەد مورسی لە کارەکەی دوورخستەوە. لەو رووداوانەدا کە لەئەنجامی کودەتا سەربازییەکی سیسی کەوتنەوە بەپێی ئامارە فەرمییەکان دوو هەزار و ٦٠٠ کەس کوژران. ئەمە لەکاتێدایە کە سەرچاوە سەربەخۆکان ئاماژە بەوەدەکەن کە بەهۆی پێکدادانەکانی کە لە دوای کودەتا هاتوونەتە ئاراوە، زۆر لەو ژمارەیەی کە راگەیەنراوە کوژراون.