Zana Natık Kerem
22 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 23 کانوونی یەکەم 2021
ھەولێر ــ AA
وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن گەیشتە تاران پایتەختی ئێران کە چاوەڕوان دەکرێت لە میانیدا، زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ ژمارەیەک گەورە بەرپرسی ئەو وڵاتە ئەنجام بدات.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاندووە، فوئاد حوسێن بەسەرۆکایەتی شاندێک گەیشتووەتە تاران.
راشیگەیاندووە، شاندەکە راوێژکاریی ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، قاسم ئەعرەجی و ژمارەیەک بەرپرسی دیکە لەخۆدەگرێت.
باسی لەوەش کردووە کە شاندەکە لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ تاران، زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوە بە ئامانجی گفتوگۆکردن لەسەر ژمارەیەک پرسی گرنگ لەنێویاندا پەیوەندییەکانی نێوان ھەردووڵات لە سەرجەم بوارەکاندا و رەوشی ئەمنیی ھەرێمیی، هەروەها دوایین پێشھاتەکان لەبارەی دانوستانەکانی ئەتۆمی لە ڤییەننا لەگەڵ چەند گەورە بەرپرسێکی ئێران ئەنجام دەدات.
لەم بارەیەوە میدیاکانی ئێران رایانگەیاندووە، فوئاد حوسێن لە سەردانەکەیدا بۆ تاران لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکە و سەرکۆماری ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.