واشنتۆن
وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە کە ئەو روداوانەی لە ماوەی ئەم دوو رۆژەدا لە موسڵ لە نێوان ھێزەکانی سوپای عیراق و چەکدارانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام روویانداوە و دەستبەسەراگرتنی چەند ناوچەیەک، نیگەرانی کردوون.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایدەگەیەنێ، بە ھەماھەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراق لە نزیکەوە ئاگاداری ئەو رووداوانەن و ھەموو پشتیوانییەکی خۆشی بۆ ھەرێمی كوردستان و بەغدا دەردەبڕێ و ھاوکاری مرۆیی ھەرێمی کوردستان بۆ رەوشی قەیرانەکە بەرز دەخملێنێت.
لە بەیاننامەکە ئەوەش خراوەتەڕوو کە ئەمریکا لەگەڵ ھەرێم و بەغدا ھاوکار دەبێ و بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی عیراق لە نزیکەوە ئاگاداری ئەو رووداوانەن و جەخت کراوەتەوە کە "دەبێ ئەو بابەتە بە ھەند وەربگیرێ و بەپێی ئەو ستراتیژەی ئەمریکا و عێراق لەسەری رێکدەکەون بۆ سەرکەوتن بەسەر ھەوڵەکانیان."
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندوە، "ئەوەی داعش دەیکا دووبارەکردنەوەی ئەو چالاکییانەیە کە لە سوریا دەیکا، تەنھا ھەڕەشەش نییە لەسەر بارودۆخی ئاسایشی عێراق، بەڵکو مەترسییە بۆسەر ئارامی ناوچەکە، داعش ئەوەی لە عێراق دەیکا تەنیا بۆ بەھێزکردنی خۆیەتی."
لە بەیاننامەکەدا باس لەوە کراوە کە لە نزیکەوە ھاوکاری خەڵکی عیراق دەبن، بە تایبەت لە نەینەوا و ئەنبار، رێگەش بە بەردەوامی ھەڕەشەکان نادەن و لە یارمەتیدانی لایەنە سیاسییەکان و ھێزە ئاسایش پارێزەکان بەردەوام دەبن و رێگە بە پیلانەکانی داعش نادەن و ھەوڵی دوورخستنەوەیان لە عێراق دەدەن.