Bekir Aydoğan
26 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 27 نیسان 2023
هەولێر - AA
سەرۆکی گشتیی هوداپار، زەکەریا یاپیجیئۆغڵو لە چوارچێوەی دیدار و کۆبوونەوەکانیدا لە هەولێر لەگەڵ وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی عێراقی، ئایدن مەعروف کۆبووەوە.
دوای کۆبوونەوەکە کە لە نووسینگەی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی لە هەولێر بەڕێوەچوو، زەکەریا یاپیجیئۆغڵو و ئایدن مەعروف بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دوان.
ئایدن مەعروف خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بە سەردانی زەکەریا یاپیجیئۆغڵو و شاندی یاوەری بۆ هەولێر و نووسینگەی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی لە هەولێر.
ئایدن مەعروف هەروەها باسی لەوە کرد سەردانەکە کە هاوکاتە لەگەڵ ٢٨ەمین ساڵیادی دامەزراندنی بەرەی تورکمانی عێراق کە ٢٤ی نیسانە، گرنگە بۆ تورکمانەکان.
گوتیشی: ''کۆماری تورکیا وڵاتێکی گرنگە. هەمیشە پشتیوانییەکی گەورەیە بۆ هەموو ئەو کەس و نەتەوانەی لە ناوچەکەدا دەژین، بەتایبەتی تورکمانەکانی عێراق، هەروەها نیشتمانی سەرەکییە بۆ تورکمانە عێراقییەکان''.
لای خۆیەوە، زەکەریا یاپیجیئۆغڵو باسی لەوە کرد کە لە چوارچێوەی ئەو سەردانەی ئەمڕۆ بۆ هەولێر ئەنجامی داوە لەگەڵ سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی کۆبوونەوەتەوە.
زەکەریا یاپیجیئۆغڵو باسی لەوە کرد کە لە کۆبوونەوەکانیاندا بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کردووە بە ئامانجی زیاتر پێشخستنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و گوتی: ''پێمان وایە کە پێشخستنی پەیوەندییە دۆستایەتییەکان و باشتربوونی ئەو پەیوەندییانە لەنێوان پارتە سیاسییەکاندا، لەنێوان هەرێمی کوردستانی عێراق و تورکیا و لەنێوان هەولێر و ئەنقەرەدا لە بەرژەوەندی هەموواندا دەبێت''.
هاوکات یاپیجیئۆغڵو ساڵیادی دامەزراندنی بەرەی تورکمانی عێراقی وەبیرهێنایەوە کە دوو رۆژ پێش ئێستا بووە و رایگەیاند: ''خوای گەورە ساڵانێکی زۆری خزمەتکردن بکاتە نسیبی''.