Ahmet Dursun,Rewa Mahmood Hasan
02 مای,س 2019•نوێکردنەوە: 03 مای,س 2019
ئەنقەرە-AA
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران عەلی لاریجانی رایگەیاند هیچ کاتێک ئەو مەرجانەی ئەمریکا بۆ رێککەوتنێکی نوێ قبوڵ ناکەن.
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران ناسراو بە ئیرنا بڵاوی کردۆتەوە کە لاریجانی لە پارێزگای خۆراسان رەزەوی بەشداری کردووە لە مەراسیمی رۆژی مامۆستایاندا و تێیدا گوتەیەکی پێشکەش کردووە.
لاریجانی ئەو ١٢ ماددە نوێیەی ئەمریکای بە نالۆژیکی وەسف کردووە لەکاتێکدا بە تاک لایەنە ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمی کشاوەتەوە.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بەوەداوە کە هەرگیز ئەو مەرجانەی ئەمریکا قبوڵ ناکەن و دەڵێت، "چاوەڕێی ئەوە مەکەن لەئێمە کە ملکەچ بکەین بۆ داواکانی ئەمریکا. ئەم مەرجانە ئێران سەرشۆڕ دەکات. بۆیە جگە لە بەرەنگاریی هیچ رێگایەکی ترمان لەبەردەم نییە".
لاریجانی داوای لە خەڵک کردووە کە بەرامبەر فشارەکانی ئەمریکا ئارام بگرن و گووتویەتی، "بەرپرسانی بێتوانای ئەمریکا ناچارن وازبهێنن بەڵام ئەگەر پێداگر نەبین بەرامبەریان ئەوا بە خواستەکانیان دەگەن، ئەوەی بەرامبەر سعوودیە کردوویانە لەهەمبەر ئێمەشدا دەیکەن. ئەمریکا پارەی سعوودیە وەردەگرێت و سووکیشیان دەکات. ئێمە وەها نین، دەبێت مافی ئەم گەلە بپارێزین".
ناوبراو دانی ناوە بەوەی کە بەهۆی سزا ئابوورییەکانەوە بە قۆناغێکی سەختدا تێپەڕ دەبن و جەختیشی کردۆتەوە کە دەبێت لە وڵاتدا سیستەمێکی ئابووریی کە بەشی پێویستی خۆی بکات دروست بکرێت.
دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێکەوتنی ئەتۆمی، ئایاری رابردوو مایک پۆمپیۆ لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوەدابوو کە پێویستە رێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئێران ئەنجام بدرێت و بۆ ئەو مەبەستەش کۆمەڵە مەرجێکی ١٢ ماددەیی پێشنیار کردبوو.
لەنێو ئەو مەرجانەدا ئاماژە بەوە کرابوو کە دەبێت ئێران پیتاندنی یۆرانیۆم رابوەستێنێت و مۆڵەتی بێ مەرج بۆ چوونە ناوەوەی تەواوی دامەزراوە سەربازییەکان لە وڵاتەکە بدات. هاوکات پرۆگرامی مووشەکی بالیستیکی بوەستێنێت.
جیا لەمە ئیدارەی ئەمریکا داوای کردووە تەواوی هاووڵاتیانی کە لە ئێران دەستگیر کراون ئازاد بکرێن و ئێران دەستبەرداری سیاسەتی دەستوەردانە کاروباری ناوچەکە بێت و تەواوی هێزەکانی خۆی لە سووریا بکشێنێتەوە و وازبهێنێت لە هەڕەشە کردن لە ئیسرائیل.