Heman Hussein Yaseen
12 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 13 ئەیلوول 2021
ھەولێر - AA
ماڵپەڕی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە کە ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی لە کۆنسوڵی گشتیی نوێی بەریتانیا لە ھەرێمی کوردستان، دەیڤد ھەنت كردووه.
نێچیرڤان بارزانی وێڕای بەخێر ھێنان و پیرۆزبایی کردن لە ھەرێمی کوردستان، دەیڤد ھەنت ھەموو پشتگیرییەکی بۆ سەر خستنی کار و ئەرکەکانی نیشانداوە و ھەردوولا جەختیان لەسەر برەودان بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و فراوانکردنی بوارەکانی ھاریکاری و ھاوبەشیی نێوان ھەرێمی کوردستان و شانشینی یەکگرتوو کردووەتەوە.
ماڵپهڕهكه ئەوەشی خستووەتەڕوو کە كۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا روونی کردووەتەوە، پلان و بەرنامەیەکی چڕی بۆ برەودان بە پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ھەیە و لەگەڵ تیمەکەی کاری لەسەر دەکات.
ئاماژە بەوەیشداوە کە دەیڤد ھەنت، پابەندیی شانشینی یەکگرتووی بە بەردەوامیی پشتگیری و سەقامگیریی ھەرێمی کوردستان و عێراق دووپات کردووەتەوە و ستایشی ھاریکاری و ھەماھەنگیی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا کردووە.
ھەنت هێمای بۆ ئەوەیش کردووە کە کار کردن بۆ فراوان کردنی بواری بازرگانی و سەرمایەگوزاری و چالاکیی کەرتی تایبەت لەنێوان ھەردوولادا، دۆخی ھەرێمی کوردستان و عێراق بەگشتی، کێشەکانی ھەولێر ـ بەغدا، دوایین پێشھاتەکانی شەڕی دژی تیرۆر و مەترسییەکانی سەرھەڵدانەوەی داعش، ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عیراق، پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و چەند پرسێکی جێی بایەخی ھاوبەش، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بووە.