Hamit Hüseyin
31 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 03 کانوونی دووەم 2016
سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینی پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند "هیوادارم ساڵی 2016 ببێتە ساڵی نەمانی شەڕ و تیرۆر و بەدیهاتنی ئاشتی و خۆشگوزەرانی لە كوردستان و هەموو شوێنێكی جیهاندا".
لە دەقی پەیامەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی كە لە ماڵپەڕی سەرۆكایەتی هەرێمدا بڵاوكراوەتەوە هاتووە "لە ساڵی 2015دا پێشمەرگە بۆ پاراستنی گەلی كوردستان بەهەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكانییەوە قوربانی و خوێنێكی زۆریدا و، لەپێناو پاراستنی بەها مرۆڤایەتییەكان و ژیانی مەدەنی لە جیهاندا لەبەرامبەر گەورەترین هەڕەشەی سەردەمەدا فیداكارییەكی كەموێنەی نواند. هەروەها ساڵی شكستدان و وەستاندنی داعش و ساڵی سەركەوتنە مەزنەكانیش بوو، لە هەمانكاتدا ساڵێكی پڕ لە قوربانیدان و سەختیی گوزەران بوو بۆ گەلی كوردستان. بەهۆی بەردەوامبوونی بڕینی بوودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكوومەتی عێراق و دابەزینی نرخی نەوت و زۆریی خەرجییەكانی شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و میوانداریی یەك ملیۆن و هەشت سەد هەزار ئاوارە و پەنابەر، ئەمانە هەموویان گوزەرانی خەڵكی كوردستانیان زۆر سەختكردووە".
لە پەیامەكەیدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەڵێت "كوردستان خاوەن گەلێكی بەهێز و زیندووە و دەتوانێت بە باشترین شێوە سوود لە سامانەكانی وەربگرێت. بۆیە دڵنیام ئایندەیەكی زۆر گەش چاوەڕێی دەكات. لەگەڵ ئەوەیشدا تێپەڕاندنی ئەو بارودۆخەی ئێستا، تەحەمولێكی زیاتری دەوێت و لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی بێ پایانی گەلی كوردستان بكەم بۆ خۆڕاگری و هەڵوێستی بەرپرسانەیان. هەروەها كوردستان پێویستی بە یارمەتیی وڵاتانی دۆست و هاوپەیمانە بۆ ئەوەی گەلی كوردستان و هەموو جیهان لەشەڕی تیرۆردا سەركەون، بۆیە داوا لە هەموو ئەو دەوڵەتانە دەكەم یارمەتی پێشمەرگە و گەلی كوردستان بدەن".
لە پەیامەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان هاتووە "لەپێناو چارەسەركردنی ئەو گرفتانەی لە پڕۆسەی سیاسیی هەرێمدا هاتوونەتە پێش، لە دەستپێكی ساڵی تازەدا لەگەڵ حزبەكانی بەشدار لە حكوومەت و پەرلەمان و لەپێناو بەرژەوەندیی گەلی كوردستان هەموو هەوڵێك دەدەم بۆ ئەوەی گرفتەكان نەمێنن و كەموكوڕی و كێشەكان دووبارە نەبنەوە و، پەرلەمان و حكوومەت لەسەر بنەمایەكی تازە دەستبەكار ببنەوە. سەبارەت بە بابەتی سەرۆكایەتیی هەرێمیش جارێكی تر داوا لە هەموو حزبە مۆڵەتپێدراوەكانی هەرێمی كوردستان دەكەم كە لەگەڵ یەكتردا كۆببنەوە و كۆتایی بەم بابەتە بهێنن. یان بڕیار لەسەر سازدانی هەڵبژاردنی سەرۆك بدەن، یان لەسەر دەستنیشانكردنی بەڕێزێك رێكبكەون كە هەتا هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2017 ئەركی سەرۆكایەتیكردنی هەرێم بگرێتە ئەستۆ و منیش بەهەموو توانایەك پاڵپشتیی دەكەم، یانیش بڕیار لەسەر ئەوە بدەن تاوەكو هەڵبژاردنەكانی 2017 بارودۆخەكە بەوشێوەیەی ئێستا بمێنێتەوە، ئەوەیش لەبەر شەڕ و ئەو دۆخە تایبەتەی كە كوردستان پێیدا تێدەپەڕێت. داوایش دەكەم كۆتایی بە ئیستغلالكردنی بابەتی سەرۆكایەتی بهێندرێت و چیتر بۆ ماندووكردنی خەڵك و قووڵتركردنی كێشەكان بەكار نەهێنرێت. ئەوەی بەلای منەوە گرنگ و پیرۆزە پێشمەرگایەتییە و ئەگەر لە هەر پۆست و پلە و پایەیەكدا بم هەموو هەوڵێكم دەخەمە گەڕ بۆ پاراستنی كوردستان و لە شەڕی داعش و كاركردن بۆ سەربەخۆیی وڵاتەكەم بەردەوام دەبم".
سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت "لە دۆخی ئێستادا ئەوە لە هەموومان دەخوازرێت لەجیاتی ركابەری و دژایەتی سیاسیی، هەوڵی باشكردنی ژیانی خەڵكی كوردستان بدەین و سوود لە دەرفەتەكانی ئێستا وەربگرین، بەتایبەتی كە ناوچەكە لە گۆڕانكاری بەردەوامدایە و گەلی كوردستان ئێستا لە هەموو كات زیاتر داوای یەكڕیزیمان لێدەكات".
لە پەیامەكەیدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان داوا لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكات پلانی سەركەوتووانە دابنێت بۆ تێپەڕاندنی هەموو سەختییەكان و چاكسازییەكی بنەڕەتی ئەنجام بدات.
دووپاتیشی دەكاتەوە كە دڵنیایە گەلی كوردستان دەتوانێت بەسەر سەختییەكانی ئێستا و داهاتوو زاڵ ببێت و بەرەو ژیانێكی خۆشتر هەنگاو بنێت و رایدەگەیەنێت "هاووڵاتیانی خۆشەویست لەوە دڵنیا دەكەمەوە كە ئاوەدانی و بووژانەوەی كوردستان دەست پێ دەكاتەوە و كار بۆ ژێرخانێكی ئابووریی پتەو دەكرێت".
بارزانی هەروەها لە بەشێكی پەیامەكەیدا دەڵێت "لێرەدا سەری رێز لەبەردەم یاد و رۆحی پاكی شەهیدانی پێشمەرگە دادەنەوێنم و ستاییشی تەحەممولی بریندارەكان دەكەم و هیوای چاكبوونەوەیان بۆ دەخوازم. سوپاسی رۆڵە خۆبەخشەكان دەكەم كە لە شەڕەكاندا قارەمانانە شانبەشانی هێزی پێشمەرگە لە سەنگەری بەرگری لە كوردستانن. سوپاسی گەلی كوردستان دەكەم كە لەم شەڕە دژوارەدا پشتیوانی هێزی پێشمەرگە بوون و هەروەها بە پێویستیشی دەزانم سوپاسی وڵاتانی دۆست و هاوپەیمان بكەم كە لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا پاڵپشتی پێشمەرگە بوون".
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆتایی پەیامەكەیدا هیوادەخوازێت كە ساڵی 2016 ساڵی كۆتایهاتنی كێشە و قەیرانەكان و ساڵی سەركەوتنی گەلی كوردستان بێت و دەڵێت "ئومێد دەكەم لە ساڵی داهاتوودا ئاشتی و سەقامگیری باڵ بەسەر ناوچەكەماندا بكێشێت و كۆتایی بە هزری شەڕانگێزی تیرۆر و توندڕۆیی و ئینكار بێت و بەختەوەری و ئاسوودەیی بۆ هەموو مرۆڤایەتی بێتەدی".