Zana Natık Kerem
14 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 14 ئاب 2021
ھەولێر ــ AA
عێراق بانگھێشتنامەیەکی ئاراستەی سەرکۆماری لیتوانیا، گیتاناس نەوسێدا کرد بۆ ئەوەی سەردانی ئەو وڵاتە بکات.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە، ھەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی عێراق لە وارشۆ، حسێن مەنسور سافی بەشداری لە کۆبوونەوەیەکدا کردووە کە لە رێگای ڤیدیۆکۆنفرانسەوە لە لایەن فەرمانگەی پرۆتۆکۆڵی دیپلۆماتیی سەر بە وەزارەتی دەرەوەی لیتوانیا لەبارەی چۆنێتی چارەسەرکردنی کێشەی کۆچبەرە عێراقییەکان لە سنووری ئەو وڵاتە سازکراوه.
بەپێی راگەیەندراوەکە باڵیۆز و نوێنەرانی ھەریەک لە عێراق، تورکیا، ئەفغانستان و کۆنگۆ لە بەشداربوون لە کۆبوونەوەکەدا.
ئاماژە بەوەیش دراوە لە کۆبوونەوەکەدا، حسێن مەنسور سافی رایگهیاندووه: "بەپێی دەستووری وڵاتەکەمان، ھەر تاکێکی عێراقی، مافی ئەوەی ھەیە بە ئارەزوومەندانە گەشت بۆ دەرەوە بکات".
حسێن مەنسور سافی ههروهها جەختیکردووەتەوە لەسەر ئەوەی، کۆچبەرە عێراقییەکان کە ئێستا لە سنووری نێوان بێلاڕووس و لیتوانیا گیریان خواردووە، فێڵیان لێکراوە و دەبێت ھەردوو وڵات دەستی یارمەتیان بۆ پێشکەش بکەن، چونکە لەئێستادا کۆچبەرەکان بەرەوڕووی رەوشێکی سەخت بوونەتەوە.
هەر بەپێی راگەیەندراوەکه سافی رایگهیاندووه: "حکوومەتی عێراق گرنگی زۆر بە پێشنیازەکانی لیتوانیا دەدات سەبارەت بە چارەسەرکردنی پرسی کۆچبەرە عێراقییەکان، ئەوەیش کە حکوومەتی لیتوانیا بۆ ھاندانی کۆچبەرە عێراقییەکان لە گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە بۆ وڵاتەکەی خۆیان پێشکەش دەکات".
ئاشكراشی كردووه، کۆچبەرە عێراقییەکان لەبەرامبەر گەیاندنیان بۆ سنووری نێوان بێلاڕووس و لیتوانیا لە لایەن مافیاکانەوە، پارەی زۆریان لێوەرگیراوە و فێڵی زۆرشیان لێکراوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە لای خۆیەوە سەرکۆماری لیتوانیا، گیتاناس نەوسێدا لە کۆبوونەوەکەدا ستایشی عێراقی كردووه لەوەی گرنگی زۆر بە پرسی کۆچبەرهكانی لەسەر سنووری لیتوانیا و بێلاڕووس دەدات و ئاماژەی بەوەیش داوە کە ھەنگاوی جددیی نراوە بە ئامانجی رێگرتن لە زیادبوونی ژمارەی کۆچبەران.
گیتاناس نەوسێدا جەختیکردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە لیتوانیا رێز لە بنەمای یاسایی نێودەوڵەتیی تایبەت مافەکانی مرۆڤ دەگرێت، بەڵام لە ھەمان کاتدا وڵاتەکەی مافی ههیه سنوور و سەروەریی خۆی بپارێزێت ئەگەر ھاتوو بەرەوڕووی ھەڕەشەی ئەمنی بوویەوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا ھەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی عێراق لە وارشۆ، حسێن مەنسور سافی بانگھێشتنامەیەکی ئاراستەی سەرکۆماری لیتوانیا، گیتاناس نەوسێدا کردووە بۆ ئهوهی سەردانی عێراق بکات و ئاماژەی بەوەیش داوە کە ئەنجامدانی سەردانەکە، دەبێتە مایەی پتەوترکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان ھەردوو وڵات.