Zana Natık Kerem
04 شوبات 2019•نوێکردنەوە: 05 شوبات 2019
بەغدا ــ AA
ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە وەڵامی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ داوایان کرد رێککەوتنی ستراتیجی نێوان ھەردوو وڵات ھەڵبوەشێندرێتەوە.
پێشتر دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی ھەواڵیی "CBC"ی ئەمریکی رایگەیاندبوو "گرنگە بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە عێراق بمێنێتەوە، بۆ ئەوەی واشنتۆن بتوانێت بە وردی چاودێری ئێران بکات".
لەمبارەیەوە سەرۆکی فراکسیۆنی ھاوپەیمانی چاکسازی و بنیاتنان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، سەباح ساعدی کاردانەوەی لەسەر لێدوانەکەی دۆناڵد ترەمپ نیشاندا و داوای کرد، پەلە بکرێت لە دەرکردنی یاسایەک سەبارەت بە کۆتاییھێنان و ھەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنی ستراتیجی نێوان عێراق و ئەمریکا.
سەباح ساعدی لە راگەیەندراوێکدا داوای لە سەرکۆمار، بەرھەم ساڵح کردووە کە لە چوارچێوەی سەروەیی عێراقدا، بەتوندی وەڵامی لێدوانەکەی دۆناڵد ترەمپ بداتەوە.
سەرۆکی فراکسیۆنی ھاوپەیمانی چاکسازی و بنیاتنان ھەروەھا داوای لە سەرۆکوەزیران، عادل عەبدولمەھدی کرد کە بە گرتنەبەری رێوشوێنەکان، جموجۆڵی ھێزەکانی ئەمریکا و بیانی لە عێراق سنووردار بکات تا ئەو کاتەی یاسەیەک لەبارەی ھەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنی ستراتیجی لەگەڵ ئەمریکا دەردەکرێت.
ناوبراو گوتیشی: "داواییەکمان بۆ دەرکردنی یاسایەک پێشکەشکردووە لە بارەی ھەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنی ستراتیجی و بە ئامانجی پاراستنی سەروەریی وڵات کە بەردەوام بە ھۆی چالاکی و بوون ھێزەکانی ئەمریکاوە پێشێل دەکرێت".
رێککەوتنی ئەمنی یان رێککەوتنی ستراتیجی ئەو رێککەوتنەیە کە لە ساڵی ٢٠٠٨دا لە سەرەمی دەسەڵاتی سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا، جۆرج بۆش لە نێوان بەغدا و واشنتۆن واژووکراوە.
لە چوارچێوەی رێککەوتنەکەدا، پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا لە سەرجەم بوارەکاندا، بەتایبەتیش لە رووی سەربازی و ئابووری رێکخراوە.
لەئێستادا، پێنج ھەزار سەربازی ئەمریکا بە ئامانجی شەڕی دژبە داعش لە عێراق بڵاوبوونەتەوە.
لای خۆیەوە ئەندامی فراکسیۆنی ھاوپەیمانی فەتح لە ئەنجوومەنی نوێنەران، حەسەن سالم داوای لە باڵە سیاسییەکانی سەربە حەشدی شەعبی کرد کە پەلە بکەن لە دەرکردنی یاساییەک بە ئامانجی دەرکردنی ھێزە بیانییەکان لە عێراق.
لە راگەیەندراوێکدا حەسەن سالم ئاماژەی بەوەداوە کە جێگەی سەرسوڕمانە تا ئێستا حکوومەتی عێراق بەرامبەر پێشێلکارییەکانی ئەمریکا بێ دەنگە و گوتی: "رێگە بە ئەمریکا نادەین، عێراق بۆ چاودێرکردن یان ھێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکار بھێنێت".
لای خۆیەوە گوتەبێژی حزبوڵڵا عێراق، محەمەد محیی رایگەیاند، لێدوانەکەی ئەمجارەی دۆناڵد ترەمپ، راگەیاندنێکی روونە بۆ داگیرکردنی عێراق و قۆناغێکی نوێیە لە بەرەنگاربوونەوە.
محەمەد محیی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "زۆربەی ھێزە سیاسییەکانی عێراق داوای دەرکردنی ھێزەکانی ئەمریکا لەناو وڵات دەکەن، بەڵام ھەندێک لایەنی دیکە لە پێناو بەرژەوەندی سیاسیدا داوای مانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا دەکەن".
ناوبراو گوتیشی: "ترەمپ ناتوانێت بیر لەوە بکاتەوە کە لە خاکی ئێمەوە ھێرش بکاتە سەر ئێران، ئەگەر ئەمریکا بڕیار بدات لە خاکی عێراقەوە ھێرش بکاتە سەر سووریا و ئێران، ئەوا دەستی دەبڕینەوە".
پێشتریش جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، حەسەن کەعبی رایگەیاندبوو "بە مەبەستی کردنە دەرەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لە ئەنجوومەنی نوێنەران یاسایەک دەردەکەین".
حەسەن کەعبی ئەوەشی گوتبوو "دۆناڵد ترەمپ ھەروەکو سەردانەکەی پێشووی بۆ بنکەی عەین ئەسەد، جارێکی دیکە یاسا و دەستووری عێراقی پێشێلکردووە. ئەمڕۆش بە ھەڵوێستێکی دیکەی شەڕانگێزانە دەرکەوتووەتەوە و رایدەگەیەنێت کە بە مەبەستی چاودێکردنی ئێران لە عێراق دەمێننەوە، بۆیە گرنگە بە ئامانجی کۆتاییھێنان بە بوونی ئەمریکا لە عێراق، یاسایەک لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەربکرێت".