Ahmet Dursun
03 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 05 تشرینی دووەم 2020
ئەنقەرە-AA
رابەری ئایینی ئێران، عەلی خامنەیی بەبۆنەی یادی مەولود، لێدوانی بۆ کەناڵێکی تەلەڤیزیۆنیی ئێران دا.
عەلی خامنەیی لە گوتەکانیدا باسی لە پێکدادانەکانی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا کرد و گوتی: "روودانی شەڕ لەنێوان دوو وڵاتی دراوسێماندا رووداوێکی ئازاربەخشە و پێویستە بەزووترین کات کۆتایی پێبێت. دەبێت تەواوی خاکی ئازەربایجان لە داگیرکاری رزگار بکرێت و ئاسایشی ئەرمەنییەکانیش پارێزراوبێت".
رابەری ئایینی ئێران جەختی لەسەر گرنگی وەستانی پێکدادانەکان کردەوە و گوتی: "یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکان ئەوەیە ئەرمینیا، تەواوی ئەو خاکانەی داگیریکردوون رادەستی ئازەربایجان بکاتەوە. پێویستە ئەرمینیا ئەم کارە ئەنجام بدات و پابەندبێت بەو سنوورانەی لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا دیاریکراون. نابێت سنوورە نێودەوڵەتییەکان ببەزێندرێن، ناشبێت تیرۆریستان لە سنوورەکانی وڵاتەکەمان نزیک ببنەوە. بەپێچەوانەوە ئێمەش رێوشوێنی پێویست دەگرینەبەر".
عەلی خامنەیی لەبارەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی لە ئەمریکا دوا و رایگەیاند "هەرکەسێک بیباتەوە، کاریگەری لەسەر سیاسەتی وڵاتەکەمان بەرامبەر ئەمریکا نابێت. هەندێک کەس دەپرسن ئەگەر ئەم بیباتەوە چی روودەدات و ئەگەر ئەو بیباتەوە چی روودەدات. بەڵێ رەنگە هەندێک رووداو رووبدات، بەڵام پەیوەندی بە ئێمەوە نییە. سیاسەتی ئێمە دژبە ئەمریکا روون و ئاشکرایە".