Mustafa Melih Ahıshalı
03 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 04 تشرینی یەکەم 2022
ئیستانبوڵ - AA
رێبەری ئێران، عەلی خامنەیی ئەمریکا و ئیسرائیلی بەرپرسیار کرد لەو خۆپیشاندانانەی لە پاش گیانلەدەستدانی مەهسا ئەمینی لە سەرانسەری وڵاتەکەیدا سەریهەڵداوە.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی نیمچەفەرمی ئێران "تەسنیم"، خامنەیی لە گوتارێکیدا کە لە میانی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی دەرچوونی هاوبەشی خوێندکاران لە زانکۆکانی ئەفسەری هێزە چەکدارەکان لە زانکۆی ئیمام حەسەن موجتەبا لە تاران پێشکەشی کرد، باسی لەو خۆپیشاندانانە کرد کە لە ماوەی رابردوودا وڵاتەکەی گرتووەتەوە.
خامنەیی کە بانگەشەی ئەوە دەکرا ماوەیەکە کێشەی تەندروستیی هەیە، بۆ یەکەمجار قسەی لەسەر ئەو خۆپیشاندانانە کرد کە دوو هەفتەیە لە ئێران سەری هەڵداوە و گوتی: ''ئەم یاخیبوون و کێشە ئەمنییانە پرۆژەیەکی ئەمریکا و رژێمی زایۆنی (ئیسرائیل)ە هێنراوەتە ئاراوە. ئەوانەی لەوانەوە مووچە وەردەگرن و هەندێ ئێرانی ناپاک لە دەرەوەی وڵات هاوکارییان دەکەن''.
خامنەیی باسی لەوە کرد کە ئامانجی خۆرئاوا دابەشکردنی ئێرانە بەسەر نەیارانی رژێمدا و گوتی: ''ئامانجی شاراوەی ئەو دوژمنانەی دەڵێن ئامانجی هێرشکردنە سەر ئێران و گۆڕینی رژێممان نییە، ئەوەیە لە وڵاتدا یاخیبوون دروست بکەن و بە هاندان و وروژاندن کەشوهەوای متمانە لەناوبەرن''.
هاوکات خامنەیی باسی لە هێرشی سەر هێزە ئەمنییەکان کرد لە خۆپیشاندانەکاندا، لەگەڵ لێدوانی هەندێ هونەرمەند و وەرزشوانی ئێرانی کە بۆ پشتیوانی خۆپیشاندانەکان کردوویانە و گوتی: ''هەوڵەکانی وەستانەوە دژ بە هێزە چەکدارەکان بە وەستانەوە دژ بە ئاسایشی وڵات لەقەڵەم دەدرێت. ئەوانەی هێرشیان کردە سەر بنکەکانی پۆلیس، بارەگاکانی بەسیج (هێزە میلیشیاکان) یان بە وتە و لێدوان هێرشیان کردە سەر سوپای ئێران یاخود سوپای پاسداران، هێرشیان کردووەتە سەر ئاسایشی وڵات''.
- خۆپیشاندانەکانی ئێران
رۆژی ١٣ی ئەیلوولی رابردوو، پۆلیسی ئیرشادی تاران بە پاساوی "پەبەند نەبوون بە یاساکانی جلوبەرگی ئیسلامی" مەهسا ئەمینیی تەمەن ٢٢ ساڵی دەستگیر کرد، دوای دەستگیرکردنیشی رەوشی تەندروستی ئەمینی تێکچوو و گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە لە کۆتاییدا، رۆژی ١٦ی ئەیلوولی رابردوو لە نەخۆشخانە کۆچی دوایی کرد.
مەهسا ئەمینی رۆژی ١٧ی ئەیلوولی رابردوو لە شاری سەقز بە خاک سپێردرا و دوای رێوڕەسمی بەخاکسپاردنەکەش خۆپیشاندان دروستبوو کە لە ماوەیەکی کەمدا شەپۆلی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان زۆربەی شارەکانی ئێرانی گرتەوە.
کەناڵی فەرمی ئێران لە ٢٤ی ئەیلوولی رابردوودا، هەواڵی ئەوەی بڵاوکردەوە کە ٤١ کەس لە میانی خۆپیشاندانەکاندا گیانیان لەدەستداوە کە کارمەندی هێزە ئەمنییەکانیشیان لەنێودا بووە.