پاریس
وا بڕیارە حەفتەی داھاتوو حکومەتی فەرەنسا کۆبوونەوەی تایبەت سازبکات لەبارەی وەرگرتنی پەنابەرانی سوریا لەوڵاتەکەیان.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا (فلیپ لالیتۆ) روونکردنەوەی داو گوتی "کاردەکەین بۆ زیادکردنی ژمارە پەنابەرە سورییەکان لە وڵاتەکەماندا، بە زووترین کات بڕیاری کۆتایی لەسەر مەسەلەکە دەدرێ".
لەلایەکی دیکە وەزیری دەرەوەی فەرەنسا (لۆران فابیۆس) بەکەناڵی تەلەڤزیۆنیی (RTL) ی گوتووە "بەمەبەستی وەرگیرانیان وەک پەنابەر لە فەرەنسا، فۆرمێکی زۆر پڕکراوەتەوە لەلایەن سورییەکان. ئێمە بەپێی پلانەکانی خۆمان وەریاندەگرین. بۆ نموونە ئەوانەی خزم و کەسیان لە فەرەنسایە پێش ئەوانی دیکە وەردەگیرێن".
کاربەدەستانی فەرەنسا رایگەیاند ساڵی پار ٧٠٠ دانە فۆڕمی پەنابەرێتی لەلایەن سورییەکانەوە پڕکرابوەوە. کەچی ئەمساڵ رێژەکە زۆر زیادیکردووەو تەنیا لەمانگی یەکەمی ئەمساڵدا ٧٠٠ فۆڕم پڕکراونەتەوە.